zagros news agency

ئێران کارداری باڵیۆزخانەی ئەرجەنتینی بانگ‌کردە وەزارەتی دەرەوە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە داوای داواکاری گشتیی ئەرجەنتین بۆ دەرکردنی فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تەقینەوەکەی ساڵی ١٩٩٤ی نێوەندی جوولەکەکانی ئامیا، کارداری ئەو وڵاتەی لە تاران بانگ‌کردە وەزارەتی دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی نیسان، عیسا کاملی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کارداری ئەرجەنتینی لە تاران بانگ‌ کردووە و “ناڕەزایەتی توندی” ئێرانی پێگەیاندووە.
ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت سباستیان باسۆ، داواکاری گشتیی دۆسیەی تەقینەوەکەی ناوەندی جوولەکەکانی “ئامیا” (AMIA) لە بۆینس ئایرس، داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئێستا و پێشووی ئێران کرد، بە تۆمەتی دەست‌ هەبوون لەو تەقینەوەیەدا کە لە ساڵی ١٩٩٤ ڕوویدا.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ئەم تۆمەتانە “بێ بنەما”ن و لەلایەن “دەزگای دادوەری و بەرپرسانی فەرمیی ئەرجەنتینەوە” خراونەتە پاڵ ئێران. عیسا کاملی هەنگاوەکەی داواکاری گشتیی ئەرجەنتینی بە “دروستکردنی لادان” لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و “بیانوویەکی سیاسی بۆ برەودان بە ئامانجە سیاسی و دژە ئێرانییەکانی ئیسرائیل” وەسف کردووە.
جێگای ئاماژەیە، لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر باڵەخانەی ئامیا لە ساڵی ١٩٩٤دا، ٨٥ کەس کوژران و لانیکەم ٣٠٠ کەسی دیکە بریندار بوون و وەک یەکێک لە خوێناویترین هێرشە تیرۆریستییەکانی مێژووی ئەرجەنتین تۆمار کراوە. داواکاری گشتیی دۆسیەکە پێی وایە بەڵگەی پێویست هەیە کە ڕۆڵی سەرکردایەتیی ئێران لە بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە پشتڕاست دەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران، ئەم ناوچەیە دەبێته بەرمیلێک بارووت و دەتەقێتەوە

سەڵاح

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا

سەڵاح

بارزانی و شۆڕشی مەزنی  ئەیلوول و دەیان دەستكەوت و شانازی هەمیشەیی

سەڵاح