ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دواتریش دێتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە پاریس خۆی بۆ کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت ئامادە دەکات، کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەگەڵ ڕیاز لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک سەرۆکایەتی دەکات.
لە بەغدا، بارۆ لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حسێن و دواتر لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، دواتر گەشت بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆدەبێتەوە، پێش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو کوێت و پاشان سعودیە بەڕێبکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی بارۆ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی فەرەنسایە بە سەقامگیری عێراق و ناوچەکە.
هەروەها بەگوێرەی بەیاننامەکە، “پابەندبوونی فەرەنسا بۆ درێژەدان بە شەڕی دژی داعش دووپاتدەکاتەوە، لە پاشخانی قۆناغی ڕاگوزەری لە سووریا و دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.”

