ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا بڵاوی کردەوە، عێراق وەکو دیاری 220 هەزار تۆن گەنمی بۆ سووریا ناردووە، گەنمەکە گەیشتووەتە پارێزگای دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز باسی ئاشکرای کردووە، ناردنی ئەو بڕە گەنمە بۆ سووریا ئامانج لێی نیشاندانی نیازپاکییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بۆ ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی، ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوێنێوە شاندێکی عێراقی لە سووریایە.
حەسەن عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ” سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی عێراق دەکەین بۆ ئەو دەستپێشخەرییە و دەستپێکردنی کەمپینێک بۆ گواستنەوەی 220 هەزار تۆن گەنم وەک دیاری بۆ گەلی سووریا، ئاماژەیەکی برایانە کە ڕەنگدانەوەی قووڵایی پەیوەندییە برایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.”
ڕۆژی هەینی، یاسین شەریف حەجیمی، ڕاوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ڕایگەیاند، عێراق 220 هەزار تۆن گەنمی بۆ سووریا دابینکردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە عێراقییەوە بگوازرێتەوە.
ئەلحەجیمی ڕوونیشیکردەوە، پاڵپشتی وڵاتەکەی و دابینکردنی گەنم لەژێر ڕێنمایی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق هەڵمەتێکی بۆ دابینکردنی گەنم لەژێر ناونیشانی “دیاری گەلی عێراق بۆ براکانمان لە سووریا” دەستپێکردووە.
بەرپرسەکەی عێراق لە دیمەشق ڕوونی کردەوە، هەماهەنگیان لەگەڵ سووریا کردووە، لە ڕێگەی کۆمپانیای گشتی دانەوێڵەی سووریا گەنمەکە بەسەر پارێزگاکانی دێرەزوور، حەلەب، تەرتووس، حەما و حومس دابەش دەکرێت.
ههینی، 25ـی نیسانی 2025، شاندێكی ئهمنیی عێراقی به سهرۆكایهتیی حهمید شاتری، سهرۆكی دهزگای ههواڵگریی عێراق لهسهر داوای ئهحمهد شهرع، سهرۆكی نوێی كۆماری سووریا سهردانی ئهو وڵاتهی كرد.

