zagros news agency

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دەدات

 

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شکست بهێنن، ئەوە کارەسات لە ناوچەکە ڕوودەدات.

فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ‘شەرق’ ڕایگەیاند، عێراق بەتەواوی پشتگیری لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات، هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێنییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری بکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریشی دا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماسییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گوتیشی، “ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوچەکە نابێت.”

فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا، وای لە بەغدا کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز، کە نزیکەی 33%ی کارەبای عێراق لە غازی ئێران دابین دەکرێت.

ڕوونیشی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کارەبا.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، لە گفتوگۆکانی واشنتن باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە.

هەروەها جەختیشی لە گرنگی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا سەبارەت بە عێراق کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی نیسان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن دی سی و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

سەڵاح

نەیشینزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ شەممە

یاسین

ئەمریکا سزاکانی بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی عێراق توندتر دەکات

سەڵاح