دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، کە وەک یەکێک لە دەستپێشخەرانی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا ناودەبرێت، ناڕەزایەتی بەرانبەر بەڕێوەچوونی “کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی” لە سووریا نیشان دا و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە زیان بە پێڤاژۆی ئاشتی دەگەیەنێت. باخچەلی هەروەها داوای لە پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کرد هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە کۆنفرانسەکە دەرببڕێت.
لە بەرانبەردا، دەم پارتی، کە شاندێکی تایبەتی ناردبووە کۆنفرانسەکە، جەختی لەوە کردەوە بڕیارەکانی دەرچوو لە کۆنفرانسەکە لە بەرژەوەندیی پێکەوەژیانی گەلانی سووریادایە و وەک پاڵپشتییەک بۆ پێڤاژۆی ئاشتی لە قەڵەمی دا.
باخچەلی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: “بە پشتگیری ئەمریکا و فەرەنسا، پەیەدە و ئەنەکەسە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردییان بەست. لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاری دژ بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی دراون… پێشنیارگەلێک خراونەتە ڕوو و ناوەندێتی سووریا ڕەت دەکەنەوە.” ناوبراو گوتیشی حکومەتی دیمەشق بڕیارەکانی کۆنفرانسەکەی ڕەتکردووەتەوە و داوای کرد “ئەم هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە و پەیەدە-یەپەگە چەکەکانیان دابنێن و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگایەکدا بچنە پاڵ کۆماری عەرەبیی سووریا.”
سەرۆکی مەهەپە جەختیشی کردەوە: “پێویستە دەم پارتیش دژی بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە هەڵوێست نیشان بدات… پێویستە پەکەکە بە زووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت، چەکەکانی ڕادەست بکات و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات. پێویستە بێ مەرج بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکەن.”
لەلایەکی دیکەوە، تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، قسەکانی باخچەلی ڕەتکردەوە کە گوایە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی دژی یەکپارچەیی سووریا و پێڤاژۆی ئاشتییە و ڕایگەیاند: “کۆنفرانسەکە لە بەرژەوەندیی ژیانی هاوبەشی گەلانی سووریا دایە. بە پێچەوانەی تێکدانی پێڤاژۆکەوە، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێڤاژۆکە تێکنادات. ئێمە هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ پێڤاژۆکە دەکەین و هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێشکەش دەکەین.”
شایەنی باسە، بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی میدیایی تورکیا، باس لەوە دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ڕێگەی نامەوە پەیوەندییان کردووە و ئۆجەلان داوای لە دەمیرتاش کردووە لە دەرەوە بە ناوی ئەوەوە پێڤاژۆی ئاشتی بەڕێوە ببات. سەبارەت بەم زانیارییانە، هاتیمئۆغوڵاری وتی: “زانیاریی پشتڕاستکراومان لەبەردەستدا نییە، بەڵام داواکاری ئێمەش هەر ئەمەیە.”

