بڕیارە گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە بچێت.
هاوکات، شاندی ئێرانی ڕۆژی هەینی پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، لەگەڵ نوێنەرانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) کۆدەبنەوە.
خاڵی سەرەکیی ناکۆکی لەم دانوستانانەدا، داواکاری ئەمریکا، ئیسرائیل و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەیە بۆ ئەوەی ئێران کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت، داوایەک کە تاران بەردەوام ڕەتی کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە،ڕۆڵی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لەم گەڕەی دانوستانانەدا بە بەراورد بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ کەمتر بووەتەوە، هەرچەندە تا مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ مافی یاسایی چالاککردنەوەی “میکانیزمی پاشەکشێی خێرا” (Snapback Mechanism)یان هەیە. ئەم میکانیزمە دەتوانێت سەرجەم بڕیارنامەکان و گەمارۆ ئابوورییەکانی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران زیندوو بکاتەوە. ئەمەش وای کردووە ئێران بۆ ڕێگریکردن لەم هەنگاوە گرنگی بە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم سێ وڵاتەدا بدات.
عەباس عێراقچی، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای شاندی دانوستانکاری ئێران، سەبارەت بە کات و شوێنی دانوستانەکان ڕایگەیاند: “گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لە ڕۆما دەبێت. بەپێی دواین ئاگادارکردنەوە کە لەلایەن ناوبژیوانی دانوستانەکانەوە، واتا عومان، پێمان دراوە، دانوستانەکە لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی پێشتریش، واتە هەینی، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا دەبێت.”
نهوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە، ئێران خوازیاری کات بەفیڕۆدان و درێژکردنەوەی دانوستانەکان نییە و وتی: “کاتێکی دیاریکراومان بۆ دانوستانەکان دیاری نەکردووە، بەڵام ئێمە هیچ حەزمان لە درێژبوونەوەی دانوستانەکان نییە و نامانەوێت کات بەفیڕۆ بدەین. هەست دەکەین لایەنی بەرامبەریش هەمان نیازی هەیە.”
سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، ئەمریکا، ئیسرائیل و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لەسەر یەک خاڵ هاوڕان، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و هەموو کەرەستە و یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. بەڵام ئێران ئەم داواکارییە ڕەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر مافی خۆی دەکات بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە، ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەم بوارەدا، ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت.
ئەگەر دانوستانەکان بە ڕێژەی هەفتەی جارێک بەردەوام بن، تا کۆتایی هاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە ئەنجام، تەنها چەند گەڕێکی کەمی دانوستان لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە. بەڵام پێداگریی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر کۆتاییهێنان بە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، وادەکات ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاڵۆز و دوورەدەست دەربکەوێت.

