بەڕێوەبەری ناحیەی یهسرب لە پارێزگای سەڵاحەدین رایدەگەیەنێ، ناحیەكەیان بەرزترین رێژەی تووشبوانی بە نەخۆشیی ڤایرۆسیی جگەر تۆمار كردووە و داوا دەكات بەپەلە سێ هەنگاو بۆ بەرپێگرتنی پەتاكە بگیرێنە بەر.
حارس عەبدولنەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی یهسرب لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی ٥ی ٢٠٢٥، بۆ (بەغداد ئەلیەوم) رایگەیاندووە، چەندین رێگا هەن بۆ زوو بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە و پێویستە لایەنی تەندروستی زۆر بەخێرایی هەنگاو بنێ. دەشڵێ: ”بەرپێگرتنی پێویستی بە دەستەبەربوونی چارەسەری پێویست و پشكنینی مەیدانی هەیە، لە هەمان كاتدا پێویستە خەڵكەكە لە رێگاكانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی وشیار بكرێنەوە.“
دەشڵێ: ”ناحیەكەی یەسرب بەرزترین ئاستی لە رێژەی تووشبوان بەو ڤایرۆسە تۆمار كردووە و ئەو ژمارەی لە ساڵانی رابردوودا لەبەردەستدان زەنگی مەترسی لێ دەدەن كە لە ساڵی ٢٠١١ لە یەكێك لە هەڵمەتەكانی پشكنیندا ١٨ تووشبوو لەناو یەك خێزاندا تۆمار كراون، ئەمەش خێرا تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی پشتڕاست دەكاتەوە.“
ئەو بەڕێوەبەرەی ناحیەیه باری سەختی ژیان و هەژاریی خەڵكەكە بە یەكێك لە هۆكارەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە دادەنێ، كە چاودێریی دۆخەكەی خۆیان ناكەن و رێوشوێنی پشكنین ناگرنە بەر. جەختیش دەكاتەوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە حكوومەت تیمی هەمیشەیی لەناو ناحیەكەیان پێك بهێنێ و بەردەوام چاودێریی حاڵەتەكان بكەن، بەتایبەت كە ناحیەكەیان بەرزترین رێژەی تووشبوانی لە عێراقدا تۆمار كردووە.
لەم دواییانە لە چەندیین شاری عێراق بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لە تووشبووانی ڤایرۆسی تۆمار كراوە، پسپۆران ئەم هەوكردنی جگەرە دەگێڕنەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكار، لەوانە پیشەی سەرتاشی و دەرزی لێدان و حجامە و بەكارهێنانی ئامرازی پیس بەتایبەت لە سەنتەرەكانی جوانكاری و ئەوانی دیكە.

