ئەمڕۆ فەرەنسا ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانییەوە لە لایەن ئێرانەوە، سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی داد تۆمار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئامانجی ئەم هەنگاوەی بە بەدواداچوونی یاسایی دۆسیەی دوو هاووڵاتیی فەرەنسایی دەستبەسەرکراو لە ئێران ڕاگەیاندووە.
کریستۆف لۆموان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ ئایار، ڕایگەیاند وڵاتەکەی ڕۆژی هەینی سکاڵای خۆی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی پارێزگاریی کونسوڵی هاووڵاتییانی لە ئێران، پێشکەشی دادگای نێودەوڵەتی داد لە لاها دەکات.
دوو هاووڵاتیی فەرەنسایی بە ناوەکانی “سیسیل کۆلێر” و هاوبەشی ژیانی ژاک پاریس ماوەی سێ ساڵە لە ئێران زیندانیکراون. فەرەنسا ئێران تۆمەتبار دەکات، ئەوانی لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەشکەنجەدان لە زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگرتووە و ڕێگەیان پێنادات دەستیان بە پارێزگاریی کونسوڵیی گونجاو ڕابگات. بەرپرسانی ئێرانی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.
تەلەڤیزیۆنی حکوومەتیی ئێران، سێ ساڵ لەمەوبەر، ماوەیەک دوای دەستگیرکردنی ئەم دوو هاوسەرە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تیایدا بەڕواڵەت دان بەوەدا دەنێن هاوکارییان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی فەرەنسا هەیە. بەڵام پاریس بە توندی ئەم بانگشەیەی ڕەتکردووەتەوە.

