ڕۆژی سێشەممە، ٣ی حوزەیران، تالیبان سێ کەسی، کە دووانیان ئافرەت بوون، لە پارێزگای بەڵخ لەبەرچاوی بە جەلد لێیدان. ئەم سزایە دوای بڕیاری دادگای سەرەتایی تالیبان و پەسەندکردنی لەلایەن دادگای باڵای ئەم گرووپەوە، بە تۆمەتی “پەیوەندیی نایاسایی و گەندەڵیی ئەخلاقی” جێبەجێ کرا.
دادگای باڵای تالیبان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتوویەتی، یەکێک لە تۆمەتباران ٣٩ جەلد و دوو کەسەکەی دیکە هەریەکەیان ٣٠ جەلدیان لێدراوە.
ئەم حوکمە لە ئامادەبوونی بەرپرسانی دادوەری، هێزە ئەمنییەکان، نوێنەرانی ئیدارەکانی تالیبان و کۆمەڵێک لە خەڵکی گشتیدا جێبەجێ کراوە.
ئەم کردەوەیە، بەبێ بڵاوکردنەوەی هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر پرۆسەی دادگاییکردن و لە کەشوهەوایەکی دوور لە چاودێریی یاسایی سەربەخۆ ئەنجامدراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای توندوتیژی و ناڕوونی لە سیستەمی دادوەریی ژێر دەسەڵاتی تالیباندا زیاتر کردووە.
جێبەجێکردنی ئاشکرای سزای لەم شێوەیە، بەتایبەتی سزادانی ئاشکرای ئافرەتان، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتەوە و بە پێچەوانەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەفغانستان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا هەژمار دەکرێت.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر سزادانی ئاشکرایان لەلایەن تالیبانەوە بە پێشێلکارییەکی جیددیی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دابوو. هەروەها جەختیان کردبووەوە، سزای لەم چەشنە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، دروستکردنی ترس لەنێو کۆمەڵگادا و لاوازکردنی کەرامەتی مرۆیی.
هەواڵی پێشوو

