zagros news agency

نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: ستراتیژیی نوێی واشنتن پشتیوانییە لە سەقامگیری، نەک دەست‌‌تێوەردان

 

تام باراک، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی “العربیە”، ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی لە سووریا و ناوچەکە ڕوون کردەوە. باراک جەختی کردەوە ئەرکی لەپێشینەی واشنتن “چەسپاندنی سەقامگیری، پتەوکردنی ئاسایش و پشتیوانیکردن لە ڕەوتی گەشەپێدانە” و دەست‌تێوەردان لە شێوازی حوکمڕانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کارنامەیاندا نییە.
ناوبراو ئاماژەی بە ئەزموونەکانی دەیەکانی ڕابردوو کرد و گوتی: “مێژوو سەلماندوویەتی سیاسەتی دەست‌تێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێئەنجام بووە. ئێمە بە هاوکاریکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان پابەندین ، نەک سەپاندنی مۆدێلی تایبەت.”
ئەم نوێنەرەی ئەمریکا، سەبارەت بە هەڵوێستی نوێی واشنتن بەرانبەر دیمەشق گوتی: “ئامانجی ئێمە پشتیوانیکردنە لە حکوومەتی سووریا بەرانبەر هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران. هاوکات، دەمانەوێت دەرفەتێک بۆ ئەم حکوومەتە بڕەخسێنین تا لە ڕێگەی هەنگاوی نێوخۆیییەوە، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێتەوە.”
باراک سووککردنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکانی سەر سووریای بە هەنگاوەکانی حکوومەتی دیمەشقەوە گرێ دا و ڕایگەیاند: “پێویستە دەرفەت بە حکوومەتی سووریا بدرێت تا خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووریدا بسەلمێنێت. ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستی بە کەشێکی سەقامگیر و مامەڵەی بنیاتنەرانە هەیە.”
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا، ستایشی ڕۆڵی ڕیازی لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا کرد و سعودییەی بە “بەردی بناغەی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست” ناو برد. هەروەها گوتی: “ئەزموونی گەشە و گۆڕانی ئابووری لە سعودییە، بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا نموونەیەکی ئیلهامبەخشە.”
باراک ئاماژەی بەوەش دا پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و شازادەی جێنشینی سعودییە، لە قۆناغێکی هەستیاردا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەقامگیریی ناوچەکە بووە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە بەرەنگاربوونەوەی “داعش” و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تۆڕە تیرۆریستییەکان لە سووریا و عێراق، لە لوتکەی کارە لەپێشینەکانی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کیلیان مێرفی دەنگۆکانی وەرگرتنی ڕۆڵی “ڤۆڵدمۆرت” ڕەت دەکاتەوە

ART

بەهای تومەن لە دابەزینە

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی  دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی دەکات

سەڵاح