سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 16ی تەمووزی 2025 لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهوک. هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە توندی ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات، کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.
وەزارەتمان بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینكردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.

