ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکایی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ئاب، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاوی کردەوە کە بنکەیەکی ژێردەریایی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێزەوە زیانی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، وێنەکان کە لەلایەن کۆمپانیای “پلەنێت لابز”ەوە گیراون، دەریدەخەن کە لەنگەرێکی سەرئاوکەوتوو لە بنکەی ژێردەریایی “ڕیباچی” لە نیمچەدوورگەی کامچاتکا زیانی پێ گەیشتووە و وا دیارە بەشێکی لەنگەرگەکە لە شوێنی خۆی جیا بووەتەوە. جگە لەم زیانە، وێنەکان هیچ وێرانکارییەکی گەورەی دیکە نیشان نادەن.
بنکەی ژێردەریایی ئەتۆمیی ڕیباچی، ناوەندێکی ستراتیژییە بۆ کەشتیگەلی ڕووسیا لە زەریای هێمن و وەک ناوەندێک بۆ چاککردنەوە، جێگیرکردن و ئۆپەراسیۆنەکانی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کار دەکات.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ٣٠ی تەممووز، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٨.٨ پلە نیمچەدوورگەی کامچاتکای لە ڕووسیا هەژاند. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز کردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دروستیی ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەم بابەتەوە نەداوە.

