بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـ10-2025، گەڕێکی دانوستانەکان لەسەر وردەکاری ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە میسر دەستپێبکات، هەروەها دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕازی بووە بە کشانەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە (تروس سۆشیاڵ) ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر حەماس ڕازی بێت بە کشانەوەی هێڵی سەربازیی دیاریکراوی ئیسرائیل لەکەرتی کەنار دەریاکان، گوتیشی “کاتێک حەماس دووپاتیکردەوە، دەستبەجێ ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیان دەست پێدەکات، ئێمەش زەمینە بۆ قۆناغی داهاتووی کشانەوەی ئیسرائیل دەڕەخسێنین.”
لەو نەخشەیەی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی کشانەوەی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، دەریدەخات ناوچەی ڕەفەح و بەیت حانون و بەرەی فیلادلفی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدا دەمێننەوە.
هێڵی زەردی سەر نەخشەکە ئاماژەیە بۆ قۆناغی یەکەمی ئەو پلانەی کە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، کە پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززەوە بکشێتەوە بۆ جەرگەی ڕەفەح، هاوکات لە هەمان کاتدا بارمتەکان ئازاد بکرێت و تەرمەکانیش بگەڕێندرێنەوە.
ڕێڕەوی کشانەوەکە لە بەیت حانون لە باکووری غەززە دەست پێدەکات و بە بەیت لاهیای شاری غەززە و ئەلبریج، دێر بلح، خان یونس و خوزاعەدا تێدەپەڕێت و لە ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کۆتایی دێت.
پڕۆژەکە بە شێوەیەکی درێژخایەن لە باکوورەوە بۆ باشوور جێبەجێ دەکرێت، بەناوەندی دانیشتوانی ئەو کەرتەدا تێدەپەڕێت.
پلانی ئاشتی کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پەردەی لەسەر لادرا، ڕێگایەکی کۆنکرێتی و خشتەی کاتی دیاریکراوی بۆ کشانەوە دیاری نەکردووە.
بەڵام ئاماژەی بەوەدراوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو هێڵەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ ئاسانکاری ئازادکردنی زیندانییەکان، هەروەها هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕادەگیرێن تا ئەو کاتەی مەرجەکانی کشانەوەی تەواو و وردە وردە جێبەجێ دەکرێن.


