وەزارەتی دارایی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە گومانەکانی هەبوونی نیازێک بۆ کەمکردنەوەی مووچەی ئەندامانی سوپا و پۆلیس یان وەستاندنی خەرجکردنیان لە مانگی داهاتوودا.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “وەزیر دارایی هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەداوە و ئەو لایەنانەی کە ئەم درۆیانە بڵاودەکەنەوە هەوڵ دەدەن رای گشتی چەواشە بکەن و ئاژاوە لەنێوان هاووڵاتیاندا دروست بکەن”.
راشیگەیاند: “خەرجکردنی مووچە بەپێی یاساکان و خشتەی کاتیی پەسەندکراو بەڕێوەدەچێت و دۆخی دارایی بەشێوەیەک بەڕێوەدەبرێت کە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی هەموو پابەندییەکان بەرامبەر مووچەخۆران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان مسۆگەر بکات”.
وەزارەتی دارایی داوای لە هاووڵاتیان و هەموو دەزگاکانی راگەیاندن کرد “تەنها پشت بە راگەیەندراوی فەرمییەکان ببەستن و خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنکەوتنی دەنگۆ نەشیاوەکان”، ئاماژەی بەوەشدا کە “مافی یاسایی خۆی پاراستووە لە سزادانی بڵاوکەرەوەکانی هەواڵی درۆ و گوماناوی.”

