حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاند کە لەگەڵ حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ڕێککەوتووە، کە بڕیارە لە کاتژمێر 6ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 15ی تشرینی یەکەم (بە کاتی ناوخۆیی پاکستان) دەست پێ بکات. ئەم ڕێککەوتنە دوای شەپۆلێکی نوێی پێکدادانە توندەکان دێت کە لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا ڕوویان دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە: “پاکستان و ئەفغانستان هەوڵێکی دڵسۆزانە لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ کێشەیەکی ئاڵۆز بەڵام چارەسەرکراو.”
پێکدادانە توندەکانی نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، کوشندەترین شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە بوو لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021دا لە کابول دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
ئیسلاماباد، کابول بەوە تۆمەتبار دەکات کە گرووپە چەکدارییەکانی ناسراو بە “بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان” (TTP) حەواندووەتەوە. یەکەم پێکدادانەکان ئێوارەی شەممەی ڕابردوو، بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی ئەفغانستان لە لانیکەم پێنج پارێزگای سنووری دەستیان پێ کرد.
حکوومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانەی “وەک تۆڵەسەندنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر کابول” ئەنجام داوە. ئیسلامابادیش ڕۆژی یەکشەممە بەڵێنی “وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی” دابوو. بەرپرسانی حکوومەتی پاکستان و هەروەها حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، هەریەکەیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە زیانێکی زۆریان بە لایەنی بەرانبەر گەیاندووە.

