zagros news agency

میدیای ئیسرائیلی: ئێران لەڕێی پڕچەككردنی میلیشا عێراقییەكانەوە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی دیكەی سەربازی دژی ئیسرائیل ئامادە دەكات

 

ئەمڕۆ سیشەممە دەزگای پەخشی میدیایی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، لەم ماوانەی دواییدا، ئێران بڕی هاوكاریی سەربازیی بۆ میلشیا عێراقییە شیعییەكان گەیاندووەتە دوو هێندەی جارانی. ئەو میدیا ئیسرائیلییە ئەم كارەی ئێران بە ”هەنگاوێك بۆ ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی دیكەی سەربازی دژی ئیسرائیل“ وەسف دەكات.

 

بەپێی راپۆرتەكەی ئەو دەزگا میدیا ئیسرائیلییە، دەسەڵاتی تاران كار لەسەر گواستنەوەی پێگەی سەربازیی خۆی لە سووریا و لوبنان و غەزەوە بۆ عێراق دەكات، نەخاسمە دوای ئەو زەبرانەی لە دوو ساڵی رابردوودا بەر (بەرەی موقاوەمەی ئێرانی) كەوتن لەو سێ ناوچەیە.

 

دەزگای پەخشی میدیایی ئیسرائیل لە چەند سەرچاوەیەكی عێراقیی ئاگادارەوە گواستیەوە: لەم دواییەنەدا هاوكاریی ئێران بۆ ئەو میلیشیا عێراقییە شیعییانە زۆر و بەرچاو بووە، بەتایبەت لە بواری دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆیان، هەروەها راهێنانی سەربازی بە چەكدارانیان لە تاكتیكی نوێی جەنگدا، تەواوی ئەم پرۆسەیەش بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەڕێوە دەچێت.

 

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە، ئێران لەم رێگەیەوە گرووپە چەكدارە بریكارەكانی لە عێراق بۆ ئەوە ئامادە دەكات كە لە حاڵێكدا ئەگەر كەوتەوە نێو شەڕێك لە دژی ئیسرائیل، ئەوانیش هاوشانی ئێران دەست لە ئیسرائیل بوەشێنن، نەخاسمە ئێستا ئەو میلیششایانە لە هەندێ ناوچەی عێراق لە سوپای عێراقیش كاریگەرترن، ئەمەش لەسایەی لاوازی و بێدەسەڵاتیی حكوومەتی عێراق.

 

ئەو میدیا ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش كرد كە لە جەنگی 12 رۆژەی ئێران – ئیسرائیلدا، بەهۆی فشاری ئەمەریكا و ئیسرائیل لەسەر حكوومەتی عێراق، ئەو میلیشبایانەی عێراق بەشداریی كارایانەی شەڕەكەیان نەكرد. بەڵام ئێستا جموجۆڵی ئێران وای دەردەخات كە میلشیا عێراقییەكان بەتەواوی ئامادە كراون بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەكی تری ئێران لە دژی ئیسرائیل.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەروەردە و خوێندن لە عێراق بەرەو داڕمان دەچن

یاسین

ھێزەکانی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان پاڵپشتی لە بەرنامەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن

سەڵاح

لەم هەفتەیە رۆژێک دەبێتە پشووی فەرمی

یاسین