پێگەی فەرمیی بازاڕی دراوی ئێران، بڵاوی کردەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەهای تومەن نزمترین ئاستی تۆمار کرد.
یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەم 2025، بەهای تومەن بەرانبەر بە زێڕ و دراوە جیهانییەکان نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی تاراندا، 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 12 ملیۆن و 231 هەزار و 80 تومەن مامەڵەی پێوە کراوە،
بەهای 100 یۆرۆ، 14 ملیۆن و 420 هەزار تومەنی تێپەڕاند، هەزار دیناری عێراقی بەرانبەر 94 هەزار تومەن فرۆشراوە، هەروا یەک ئەفغانی ئەفغانستان بە هەزار و 886 تومەن فرۆشراوە.
پێگەکە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیاری بە 54 ملیۆن تومەن، ڕاگەیاندووە.
دابەزینی بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان، لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تومەن دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان.

