لە رێگەی چوار خشتەوە، وەزارەتی دارایی بۆ پرسی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست، وەزارەتەكانی ئاگادار كردەوە و جەختیش دەكاتەوە: “هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەست مافی نەفەوتێت.”
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە 19/1/2026 دەرچووە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، لەبارەی داتا و زانیاریی فەرمانبەرانی گرێبەست وەزارەتەكانی ئاگادار كردووەتەوە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە: “سەبارەت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كە تایبەتە بە دابینكردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، دەبێت وەزارەتەكان زانیاریی تەواوەتی رەوانە بكەن.”
چوار خشتەی داتا و زانیاری لەگەڵ نووسراوەكەدا بۆ وەزارەتەكان رەوانە كراوە كە تایبەتە بە فەرمانبەرانی گرێبەستی بودجەی (ئاسایی، داهاتی ناوخۆ، پێشینە، پەرەپێدان).
وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، داتاكان بەوردی و زانیاریی تەواو بۆیان رەوانە بكرێت، بۆ ئەوەی: “تاوەكوو هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەست مافی نەفەوتێت.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەست كە لە چوارچێوەی رێنوێنیی ژمارە 10ی ساڵی 2019 دامەزراون، بەشێوەی یەكخستن (تەوحید) بێت، زانیارییەكانیان بنێردرێت.”
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار و364 فەرمانبەری گرێبەست هەن و بەشێکی زۆریان خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە.

