zagros news agency

لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی باس له جێگرەوەی مالیکی دەکرێت

 

 

هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیه گرنگ ئەنجام دەدەن، کە یەکێکیان پرسی بنبەستی سیاسییە، لە نێوەندیشدا پێشبینی دەکرێت کاندیدێکی سازان وەک جێگرەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بخرێتە ڕوو.

ئەبو میساق مەساری، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: “هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدەن، کە وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی ‘هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت’ کە بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت. هەروەها تاوتوێی کێشەی بنبەستی سیاسی لە هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەکرێت، لەگەڵ پێدانی سەرپشکی بە پەرلەمانتارانی چوارچێوە بۆ دەنگدان بەو کەسەی بە گونجاوی دەبینن، ئەگەر بێت و کوردەکان بە دوو کاندیدەوە بچنە نێو پرۆسەکەوە.”

بە گوتەی مەساری، کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی “پره‌نسیپی ڕێزگرتن لە یەکتر” دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی “تەقەدوم” دژی مالیکی.

ئاماژەی بەوەش کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەنگە داوا لە هێزە سیاسییەکان و ئەنجومەنی نوێنەران بکات کۆببنەوە و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن، لەگەڵ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

کاندیدی نوێ و سیناریۆکان

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە ئاژانسی ناوبراویان ڕاگەیاندووە: “کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی ناڕەسمی باس لە میکانیزمی گۆڕینی نوری مالیکی بە کەسایەتییەکی قبوڵکراو یان کاندیدێکی سازان دەکات”، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە “ئەو کەسایەتییە ئەگەر دیاریش بکرێت، دەبێت تەنها لەلایەن خودی مالیکییەوە ناوەکەی پێشنیار بکرێت و تزکیە بکرێت.”

سەرچاوەکان دەڵێن ئەوەی لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکانەوە باس دەکرێت، ناوی محەمەد خوزاعییە، بەڵام ڕەنگە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پشتگیرییەکی ئەوتۆی لێ نەکرێت.

هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە:

• کەسایەتییەکی تر هەیە کە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە و ڕەنگە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت.

• یان گەڕانەوە بۆ سیناریۆی یەکەمی چوارچێوە، ئەویش دەستنیشانکردنی حەیدەر عەبادی وەک کاندیدی سازان.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەمووان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ بنبەستی سیاسی و دوورخستنەوەی وڵاتن لە هەر دەرەنجامێکی نەخوازراو.

هەواڵی پەیوەندیدار

عبدولقادر بازرگان: بوونی سەرۆک و مەرجەعێکی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی، توانیمان سەرکەوتن بەدەستبهێبین

یاسین

ژمارەی کورسییان لە پەرلەمانی تورکیا گۆڕانی بەسەرداهات

سەڵاح

ئه‌فغانستان… لەسەر تاشینی ڕیش ده‌یان ئەندامی هێزە ئه‌منییه‌كان ده‌ركران

سەڵاح