دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا، بە ڕاوێژکارە باڵاکانی ڕاگەیاندووە کە بژاردەی هێرشێکی سەربازیی گشتگیر بۆ سەر ئێران و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی تاران تاوتوێ دەکات، ئەمەش لە ئەگەرێکدا ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان بگەنە بنبەست. هاوکات، دەزگا ئەمنییەکانی ئەمهریکا هۆشداری لە جووڵەی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە و ئەوروپا دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) کە پشتی بە زانیارییەکانی ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەمهریکا بەستووە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر هێرشە سنووردارەکان یان پرۆسەی دیپلۆماسی نەبنە هۆی ئەوەی تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، ئەوا بژاردەی هێرشی گشتگیر بۆ ڕووخاندنی ڕژێم دەگیرێتەبەر.
ڕاوێژکارەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ مەیلی بۆ ئەوە هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشێکی پێشوەختە ئەنجام بدات بۆ پەکخستنی توانای ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
لەناو ئیدارەی ترەمپدا گومان و دوودڵی هەیە سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکان و ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ناو ئیدارەکە گومانیان هەیە تەنها لە ڕێگەی هەڵمەتی ئاسمانییەوە بتوانرێت ئێران ناچار بە پاشەکشە بکرێت، بەتایبەت کە هێشتا ڕوون نییە لایەنەکان لەسەر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگەنە ڕێککەوتن یاخود نا.
لە بەرەی بەرانبەردا، بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کاردانەوەکانی تاران.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئاماژەی مەترسیدار هەن کە دەریدەخەن ئێران لە ڕێگەی (گرووپە بریکارەکانییەوە) پلانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا داڕشتووە.
هەرچەندە سەرچاوە ئەمنییەکان جەختیان کردووەتەوە کە هێشتا پلانێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردن نەبینراوە، بەڵام ئاماژەیان بە دەستبەسەرداگرتنی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان کردووە کە دەریدەخەن ئاستێکی پێشکەوتووی هەماهەنگی و پلاندانان لەنێوان ئێران و گرووپە چەکدارەکاندا هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی بەرفراوانی واشنتۆن بۆ سەر خاکەکەی.

