لە چوارەمین ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگدا، کۆشکی کرملین ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی شوبات ڕایگەیاند ڕووسیا هێشتا نەگەیشتووەتە تەواوی ئامانجەکانی خۆی لە ئۆکرانیا و تا گەیشتن بەو ئامانجانە، لە شەڕ بەردەوام دەبێت.
دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملین لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسادا وتی: “هێشتا هەموو ئامانجەکان بەدی نەهاتوون، هەر بۆیەش ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوامە.”
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو کە ڤلادیمێر پوتین لە گەیشتن بە ئامانجەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئۆکرانیا شکست دەهێنێت.
پیسکۆڤ جەختی کردەوە کە ڕووسیا لە سەرەتای قەیرانەکەوە، پابەند بووە بە هیوای گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانی ئۆکرانیا و تا ئەمڕۆش هەر پابەندە بەو هیوایەوە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێشتا ڕووسیا بەدوای چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکەدا دەگەڕێت، وتی: “ئەم هیوایە هەر لە سەرەتاوە لەبەرچاو بووە”، هەروەها وتیشی: “لە سەرەتاوە هەوڵ بۆ چارەسەری ئاشتییانە درا و ڕێککەوتنیش کرا، بەڵام دوای دەستێوەردانی بەریتانیا لە پرۆسەی ئاشتی، بابەتەکە دیسان کەوتەوە سەر ڕێڕەوی سەربازی.”
گوتەبێژی کرملین ڕوونیشی کردەوە کە مۆسکۆ داواکاریی دیاریکراوی هەیە، لەوانە: دەستبەرداربوونی کیێڤ لە یاسا و ڕێساکانی ئەو ڕێبازە “نیۆنازی”ـیەی کە بۆ دژایەتیی ئۆکرانییە ڕووسزمانەکان گرتوویەتییە بەر، پاراستنی بێلایەنی و نەبوونی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی دانیشتووانی دۆنباس و نۆڤۆڕووسیا کە بڕیاریان داوە بچنە پاڵ ڕووسیا.

