دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بە دەستپێشخەری سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی دادەنرێت، ڕایگەیاند: “لە وڵاتەکەماندا تورک هەرچی بێت، کوردیش هەمان شتە و لە هەمان ئاستدایە؛ شکۆی تورک شکۆی کوردیشە.”
باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، ڕەنگە لە هەندێک قۆناغی مێژووی وڵاتەکەیان بەهۆی هەڵوێستی ئایدۆلۆژییەوە هەڵە کرابێت، بەڵام ڕێبازی بنەڕەتیی دەوڵەت هەمیشە هاووڵاتیبوونی یەکسان بووە.
سەرۆکی مەهەپە ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمان ڕاپۆرتی کۆتاییی پرۆسەکەیان تەواو کردووە، کە گرنگترین پایەی پرۆسەکە پێک دەهێنێت. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە نەخشەڕێگەی پرۆسەکە دیاری کراوە و قۆناغی داهاتوو چاکسازیی سیاسی و یاسایی لە خۆ دەگرێت، بۆیە “هەرکاتێک چەکەکان بێدەنگ کران، سیاسەت قسە دەکات.”
سەبارەت بە وردەکارییەکان، باخچەلی جەختی کردەوە کە پێویستە چوارچێوەی چاکسازییە یاساییەکان دیاری بکرێت بەبێ ئەوەی ڕێگە بە تێڕوانینی “لێبوردن و تێپەڕین بەبێ سزادان” بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانەی چەکیان داناوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا، وردە وردە ئەنجام دەدرێت، بەبێ ئەوەی چوارچێوەی یاسایی و دادپەروەری لەکەدار بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باخچەلی ڕایگەیاند کە پێویستە دەستبەجێ “کەجەکە” هەڵبوەشێتەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە پێویستە دووبارە دانانی قەییووم لە سنووری دیموکراسیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و داوای کرد ئەحمەد تورک و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکان، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

