ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بابل… ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ره‌تیان كرده‌وه‌ ده‌ستیان هه‌بووبێت

درەنگانی شەوی رابردوو نزیكی كاتژمێر 1:00 لە سەربازگەی كالسوو دەنگی چەند تەقینەوەیەكی گەورە بیسترا، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند كە بە مووشەك هێرشیان كراوەتە سەر، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەمەریكا و ئیسڕائیل رایانگه‌یاند، دەستیان لەم بۆردومانەكانه‌ نه‌بووه‌.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كاتژمێر 01:00ی شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەك لەناو سەربازگەی كالسوو كەوتەوە كە دەكەوێتە باكوری پارێزگای بابل و ئەندامانی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی تێدایە.

وتیشی، لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا ئەندامێكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژراوە و هه‌شتی دیكەش بریندار بوون كە لەنێویاندا سەربازی عێراقی هەن.

ئاماژەی بەوەش دا كە لیژنەیەكی هونەریی تایبەت لە بەرگریی شارستانی و تیمەكانی تر پێكهێنراوە بۆ دەرخستنی هۆكاری تەقینەوەكان.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختیشی كردەوە كە بەگوێرەی بەیاننامەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا شەوی رابردوو هیچ چالاكییەكی ئاسمانییان لە پارێزگای بابل نەبووە، فەرماندەیی هێزی بەرگریی ئاسمانیش دوای لێكۆڵینەوە و چاودێریكردن، جەختی كردۆتەوە كە لە كاتی تەقینەوەكاندا هیچ درۆن یاخود فڕۆكەیەك لە ئاسمانی پارێزگای بابل نەبووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا هەر شەوی رابردوو رەتی كردەوە ئەوان هێرشەكەیان بۆ سەر بنكەی سەربازی كالسوو ئەنجامدابێت.

فەرماندەییەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێسك بڵاوی كردەوە: زانیارییمان لەسەر ئەوە هەیە كە تۆمەتبار دەكرێین بە ئەنجامدانی هێرشەكەی بنكەی سەربازی ئاسمانی كالسوو لە عێراق.

بڵاویشی كردەوە: هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و جەخت دەكەینەوە كە ئەمەریكا شەوی رابردوو هیچ هێرشێكی لە عێراق ئەنجام نەداوە.

لەلایەكی تریشەوە بەرپرسێكی ئیسڕائیلی بۆ تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمەریكی گوتی: وڵاتەكەم هیچ پەیوەندییەكی بەو تەقینەوانە نییە كە شەوی رابردوو لە عێراق روویان دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی بڵاوكرایه‌وه‌

سەڵاح

چۆن خۆت لە ئاوەڵەی مەیموون دەپارێزی

یاسین

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بادلیان و دێلزیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە

یاسین