سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی عورف و یاسا نێوەدەوڵەتییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـ3-2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەسەر هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سعوودیە بە توندی بەئامانجگرتنی کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتی لە کوردستان سەرکۆنە دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دووپاتی دەکەینەوە دووبارە بەئامانجگرتنەوەی باڵەخانە دیپلۆماسییەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە، لەوانەش رێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤ (1949)، کە جەخت لەسەر گرنگی رێزگرتن لە باڵەخانەی نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەیان هاوسۆزی خۆی بۆ ئیمارات دەردەبڕێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە بە درۆن کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەیان لە کوردستان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەکەی زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئیمارات داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی کوردستان دەکات بەدواداچوون بۆ هۆی ئەم هێرشە بکەن و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن دەستنیشان بکەن، هەروەها هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی بەرپرسیارانە لێپرسینەوە لەگەڵ هێرشکاران بکرێت.
هەروەها دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، کاتژمێر 10:24، خولەکی شەو، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستیانە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات کەوتە خوارەوە.
جەختیشی کردەوە، پاشماوەی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

