zagros news agency

هەسەدە و حکوومەتی سووریا 200 زیندانیان ئازاد کرد

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا ‘سانا’ بڵاوی کردەوە، لە پارێزگای حەسەکە، حکوومەتی سووریا و هەسەدە ژمارەیەک راگیراو و زیندانییانی یەکتریان ئازاد کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026ـی نێوان هەردوولا بووە.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەسەکە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا رایگەیاندووە، لە میانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕەکەدا 100 دەستگیرکراو لە زیندانەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ئازاد کراون، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی 100 دەستگیرکراو لە زیندانەکانی “هەسەدە” لە پارێزگای حەسەکە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەستگیرکراوانەی کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە ئازادکراون لەگەڵ گەیشتنیان بە بازنەی پانۆراما لە شاری حەسەکە لەلایەن تیمی سەرۆکایەتی و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە پێشوازییان لێکرا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارەکان بوو بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و تەواوکردنی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی رێکخراو.

لە 21ـی شوباتی رابردوو بەڕێوبەرایەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، عەمید زیاد عایشی راسپارد وەک نێردەی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم، لەگەڵ هەسەدە.

حکوومەتی سووریا لە 29ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەسەر ئاگربەست گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و ئیدارییەکان لە نێوان هەردوولا و هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و رادەستکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و حکوومییەکان و دەروازە و بەندەرەکان بە دەوڵەت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێوەندی ئاماری ئێران: ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتە سەرووی ٤٨٪

یاسین

کۆمیسیۆن: سێیەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان کرد

سەڵاح

مەترسیی کەمئاوی و پیسبوون لەسەر بەنداوی مەهاباد

سەڵاح