ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12/3/2026 ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری هیندییەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تاران بەڵێنیان داوە ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی ئەو کەشتییە نەوتییانە بکەن کە ئاڵای هیندستانیان لەسەرە و بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، بەڵام سەرچاوەیەکی فەرمیی ئێرانی کە بۆ هەمان ئاژانس لێدوانی داوە دەڵێت: ”هیچ جۆرە رێککەوتنێکی لەم شێوەیە بۆ جیاکردنەوەی کەشتییەکانی هیندستان لە وڵاتانی دیکە بوونی نییە.”
ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتی هیندستان، یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی نەوت لە جیهاندا و پێویستییەکی زۆری بە وزەی کەنداو هەیە، دابینکردنی رێگەیەکی ئارام بۆ کەشتییەکان لەم گەرووەدا بایەخێکی ستراتیژی هەیە. هەر جۆرە رێگرییەک یان زیادبوونی تێچووی دڵنیایی لەم ناوچەیەدا، راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لێدانی سەقامگیریی ئابووریی هیندستان، هەر ئەمەش وایکردووە نیودەلهی لە هەوڵی بەردەوامدا بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناو جەرگەی ململانێکانی تاران و واشنتن.

