ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ يادى ئه‌نفالى بارزانييان ئه‌مڕۆ له‌ يادى (41) ساڵه‌ى ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا

به‌ شكۆدارييه‌وه‌ يادى هه‌شت هه‌زار گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه كه‌ 31ى ته‌ممووز‌ تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ هه‌ڵمه‌تێكى دڕندانه‌ى ڕژێمى ئه‌وساى عێراقدا، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكانى هه‌ولێر بێسه‌روشوێن و كۆمه‌ڵكوژ كران. دروود بۆ گيانى پاكيان، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌مياندا داده‌نوێنين، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكاريان.

ئه‌نفالى بارزانييان وه‌ك هه‌موو تاوانكارييه‌كانى ديكه‌ى مێژوو، بۆ شكاندنى ئيراده‌ى گه‌لى ئازاديخوازى كوردستان بوو، به‌ڵام بووه‌ په‌ڵه‌يه‌كى ڕه‌ش به‌ نه‌وچه‌وانى ئه‌نجامده‌رانييه‌وه‌. هێز و وگوڕ و تينى زياترى به‌ بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردستان دا و دلێرانه‌تر ڕووبه‌ڕووى سته‌م و دكتاتۆرى بووه‌وه‌.

دايكانى ميهره‌بانى بارزانى و بارزانييه‌كان به‌گشتى له‌گه‌ڵ ئه‌نفالدا به‌رگه‌ى هه‌موو ئێش و ئازار و لێكه‌وته‌ خراپه‌كانى ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌يان گرت و له‌سه‌ر پێى خۆيان وه‌ستان. توانييان سه‌ربه‌رزانه‌ منداڵه‌ بێنازه‌كانيان به‌خێو و په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و نه‌وه‌يه‌كى دڵسۆز و لێهاتوو پێبگه‌يه‌نن. سڵاو له‌ هه‌موو ئه‌و دايك و هاوسه‌ر و خوشكه‌ شكۆمه‌ندانه‌ى له‌و هه‌موو ئازار و دۆخه‌ سه‌خت و دژواره‌دا كۆڵيان نه‌دا، ده‌ستيان ماچ ده‌كه‌م.

سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌، يارمه‌تيى لێقه‌وماوانى بارزانييان دا. خزمه‌ت و دڵسۆزيى ئه‌وان هه‌رگيز له‌بير ناكرێت. له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كار و هه‌وڵمان بۆ ناساندنى ئه‌نفالى بارزانييان و كاره‌ساته‌كانى ديكه‌ى گه‌لى كوردستان وه‌ك جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان و قه‌ربووكردنه‌ى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

سڵاو له‌ يادى هه‌موو شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/7/31

هەواڵی پەیوەندیدار

هۆکارەکانی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئاشکرا دەکرێت

یاسین

هەولێر.. هاووڵاتییەک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە ناوبازاڕ کوژرا

سەڵاح

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازيى له‌ عەممار ئەلحەکیم دەکات

یاسین