ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (٧٨)ەمین ساڵیادی ١٦ ی ئابدا

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان

ئەمڕۆ حەفتا و هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.

یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە ، بەڵکو یادی هزرێک، ڕێبازێکە، کە هەم هەنگاوێکی گرنگ و بێهاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، هەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.

هاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان
هەڤاڵان و جەماوەری هێژای پارتیمان

زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەكداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و كۆماریدا و هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری 1991ـدا و، هەموو ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەدا بەدیهاتوون، گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێك و بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژ و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی كوردستان، هەروەها بە گیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتووری دایالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری كردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە ڕەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان.

ئەمڕۆ كە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، گەلەكەمان قۆناغگەلێكی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان هەوراز و نشێوی دیكەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ كردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەكی گەش دەڕوانێت. پارتی كە ئەو هەموو پیلان و گەلەكۆمەكییەی لێكرا، وەك پێشڕەوی كوردایەتی و كۆڵنەدان، وەك هەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و هەڵوێستە سیاسییەكانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاك و مافی گەلی كوردستان، هێندەی دیكە پێگە و نێوبانگی لەسەر هەموو ئاستەكان بەهێزتر كردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەكەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەكانی نێوخۆشی وایكردووە ئەهلی ئەو پڕكێشییە سەخت و دژوارانە بێت.

کوردستانییانی هێژا
لە یادی ١٦ی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو كوردستانێكی ئاسوودە و سەقامگیرتر هەنگاو دەنێین بۆ بەهێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی هەرێم، بەرەو هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە ٢٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێى دەڕوانێت و هاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانى پڕۆسەیەکى دیموکراسییانەى پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی هیچ لایەک، تا دەنگدەرانى کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و لە کەشێکى ئارامدا نوێنەرانى خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی كوردستان وەك هەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر ببات، هەڵبەتە ئەمەش پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی هه‌یه‌، ئەو یەكڕیزییەی، كە پارتیمان هەوڵى بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشى لە پێناودا نواندووە.

هاووڵاتیانى خۆشەویست
پارتیمان، لە ڕوانگەى بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى هەرێم و جێبەجێکردنى دەستوور، جگە لە هەرێم لە چوارچێوەى عێراقیشدا لە پەیوەندى و گفتوگۆى بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکى ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەماى پڕەنسیپەکانی هاوبه‌شی، سازان، هاوسه‌نگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکى کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەى پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاجیاکانى عێراقى فیدراڵ.

لەسەر ئاستى ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامى و ئاساییشى خەڵکى کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە پەیوەندییەکى باش و هاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی هەموو لایەکى تێدا پارێزراو بێت و، هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە مایەى سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە هەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەهەمان شێوە هەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاساییشى سنوورەکانى ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی هەموو لایەک بگیرێت.

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک(مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەسەر هەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، هەروەها بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسیی و کوولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

لەم یادە پڕ مانا و پیرۆزەدا :

ـ سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر).

ـ سڵاو بۆ ئەندازیاری ئاشتەوایی کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد).

ـ سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

لە یادی ١٦ی ئابدا به‌ڵێن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان بین، كە ڕێبازی كوردایه‌تی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی، كه‌ به‌رهه‌می خوێنی بەنرخی ئەوانە.

لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان و بە تایبەتییش یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكان، دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە.

سەرکەوتن هەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کورد و کوردستان

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ی ئابی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات

یاسین

عەزیمە عەبدولكەریم : دەمانەوێت ئارامی بۆ سلێمانی بگەرێنینەوە

گوران