ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وتاری سەرۆك بارزانی لە كەرنەڤاڵی جەماوەری هەولێر

سەرۆك بارزانی لە كەرنەڤاڵی جەماوەری ئەمڕۆ سێشەممەی سەرخستنی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەڤاڵانی بەڕێز

خوشك و برایانی خۆشەویست

جەماوەری تێكۆشەر و خۆڕاگر

هەمووتان بەخێر بێن، ئامادەبوونتان جێگەی شانازییە، ئومێد بەخش و هێزبەخشە بۆ ئێمە.

بەڵێ ئێوە پیشانتان دا و ئیسپاتتان كرد ئا ئەمەیە پارتی. شانازییەكی گەورەیە كە كوردستان ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغێك، گەلی كوردستان بە هەڵبژاردن و بە ڕەئی خۆی، شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكات، ئەمە سەركەوتنێكی مەزنە و دەستكەوتێكی مەزنیشە.

ئەمڕۆ دواڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەم هەڵبژاردنە دەبوایە دوو ساڵ پێش ئێستا كرابا، بەڵام هەندێك لایەن هەر كۆسپیان دروست دەكرد و خۆیان دەدزیەوە، تا بە خەیاڵی خۆیان، بە قەناعەتی خۆیان گەیشتنە ئەو ئامانجەی كە بە هەڵبژاردنێكی پێشوەخت دیزایینكراو پارتی دەشكێنن.

لای هەموو كەس روونە، پارتی خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنە لە كوردستان، لە نەورۆز و راپەڕینی 1991 لە كۆیە، من داوام كرد كە دەبێ لە كوردستان هەڵبژاردن بكرێ، بۆ ئەوەی لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بچینە قۆناغی شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ و میللەت رەئی خۆی بدات.

شكور بۆ خوای گەورە و ئێوەی تێكۆشەر، هەر لە یەكەمین هەڵبژاردنەوە تا ئەخیر هەڵبژاردن، پارتی هەر یەكەم بووە و لەمەودواش هەر یەكەم دەبێت.

بەڕێزان

سەرەڕای ئەوەی كە سنوورشكێنیی هەندێك كەس و لایەن و بەكارهێنانی زمانی زبر و وشەی نەشیاو، بەڵام ئێمە تەحەمولمان كرد، سوپاسی هەموو دامودەزگاكانی پارتی دەكەم كە نەهاتنە ئەو ئاستە نزمەی كە هەندێك كەس دەیانویست پارتی بۆ رابكێشن.

كاتێك هەندێك بڕیار لە بەغدا دەرچوون بە چاوساخیی هەندێك لایەنی هەرێم بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەخت دیزاینكراو، پارتی رازی نەبوو و قەبووڵی نەكرد، هەرچەندە دواتر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هات، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نەبووە كە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەو پلانەی كە نەخشەشیان بۆ كێشابوو، پلانەكەش سەری نەگرت.

هەڤاڵان

ئەركی سەرشانی هەموو ئەندامێكی پارتییە، هەموو لایەنگرێك، هەموو دۆستێك، هەموو كوردێكی دڵسۆز، هەموو پێشمەرگەیەكی قارەمان، هەموو تاكێكی هێزەكانی ئەمنی، رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر بچنە سەر سندووقی دەنگدان، خۆتان و كەسوكارتان و دەنگ بە لیستی 190 بدەن، بۆ ئەوەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێت.

پەرلەمانی داهاتوو، ئەركێكی قورسی لە پێشە، بۆیە پێویستیی بە خەڵكێكە كە دڵسۆز بن بۆ گەل و نیشتمان، دڵسۆز بن بۆ ئەم هەرێمە و وەفادار بن بۆ خوێنی شەهیدان. یەكەمین كاری پەرلەمانی داهاتوو نووسینی دەستوورە، هەمواركردنەوەی هەندێك یاسایە، دەركردنی هەندێك یاسای دیكەیە، سڕینەوەی ئاسەواری ئەو پلان و بڕیارانەیە كە لە دژی هەرێم دەرچوون و ویستیان قەوارەی هەرێم نەهێڵن و تێكی بدەن.

هەڤاڵانی بەڕێز

خواست و ویستی خەڵكی كوردستان دەبێتە بەرنامەی كابینەی داهاتوو، خزمەتگوزاریی زیاتر، ئەمن و ئاسایشی زیاتر، بارسووككردنی سەرشانی خەڵكی كوردستان و دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت، یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە، كۆتایی هێنان بە هاوپەیمانیی مافیا و تێرۆر، لە هەمووشی گرنگتر، كۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستكردنی ماددەی هۆشبەر كە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاییندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە بەرامبەر بەم میللەتە دەكرێت.

با تەماشای دروشمەكان بكەین، درووشمی پارتی درووشمی حزبێكە كە هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی دەكات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری، پارتی وەسیلەیە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان. با تەماشای دروشمەكانی لایەنەكانی تریش بكەین، هەندێكیان، لادانە و نەهێشتنە و دەركردنە، بەخوا خۆشیان دەزانن كە پێیان ناكرێ و ناتوانن. دروشمی ناواقیعییانە، خۆشیان دەزانن ناتوانن، قسەی زل و وەعدی بێ وەفا ئاسانە، بەڵام شەرت كردارە، پارتی حزبی كردارە نەك هی قسە.

تەماشای ئەو كابینانەی كە پارتی سەرۆكایەتی كردووە، هەر لە 1992ەوە تا ئەمڕۆ، لە خزمەتگوزاریی زیاتر هیچی تر نەبووە، راستە هەڵەش كراوە، ئەوەی ئیش نەكات، هەڵە ناكات، ئەوەی كار بكات، هەڵە دەكات. بەڵام ئەو خزمەتەی كە كراوە و پێشكەش بە خەڵكی كوردستان كراوە، نە منەتی تێدایە، بەڵام جێی شانازییە بۆ ئێمە.

تەمەننام دەكرد دروشمەكانی لایەنەكانی تر كێبڕكێ با لەگەڵ پارتی لەسەر پرۆژەی باشتر، خزمەتگوزاریی باشتر، تەبایی و برایەتیی قووڵتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر، پارتی بە دڵێكی فراوان، بە هەستكردن بە مەسئولیەتێكی گەورە، دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات. مەرجی ئێمە تەنیا یەك مەرجە، دڵسۆزی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاكی كوردستان. من بەو بەڕێزانە دەڵێم، كاكە ئێمە هەموومان ئاخیری كوردین، كوردستانین، خەڵكی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە نەكەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی شتتان دەست بكەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و بە برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەكەوێت، بە حەیاتی بەزۆری دەستتان ناكەوێت و ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە پارتی بڕووخێنن، كاكی خۆم، كەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز، خۆیان تەجرووبە كرد و خۆیان ڕووخان، پارتی هەر ما و هەر دەمێنێت. پارتی داربەڕووە داربەڕوو.

هیوادارم دوای هەڵبژاردن، هەموو لایەنەكان بە پارتیشەوە، بە خۆیاندا بچنەوە، بیر لە ئاییندەی هەرێم بكەنەوە، چۆن ئەم هەرێمە بپارێزن؟ چۆن گیانی برایەتی لەنێو ئەم میللەتە قووڵتر بكەنەوە؟ چۆن سوود لە هەڵەكانی رابردوو وەربگرن و چۆن خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتر پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكەن؟ ئەمەیە ڕێگەی ڕاست.

پارتی هیچ كات لە مەسئولیەت نەترساوە و رای نەكردووە، داوای من لە هەڤاڵانی پارتی ئەمەیە:

یەك: كاتی خۆتان خەسار نەكەن بە وەڵامدانەوەی وشەی سووك و هەڵوێستی سووك.

دوو: تەركیز بكەنە سەر چۆنیەتیی پاراستنی هەرێم و پاراستنی ئازادی و دیموكراسی.

سێ: بنیادنانی ژێرخانێكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان.

چوار: خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان.

پێنج: ئیهتیمامێكی زۆرتر بە كەرتی پەروەردە و تەندروستی.

شەش: كار بكەن بۆ قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێكەوەیی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك.

حەفت: مەجالێكی فراوانتر بۆ ئافرەتان و گەنجان بڕەخسێنن كە رۆڵی خۆیان باشتر و زیاتر ببینن.

من دڵنیام خەڵكی كوردستان هۆشیارن و زۆریش زانان، دەزانن دەنگ بە كێ بدەن؟ بەوە بدەن كە كوردستان دەپارێزێت یان بەوە بدەن كە كوردستان دەفرۆشێت؟

هەڤاڵانی خۆشەویست

بەرواری كۆتاییهێنان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، هاوكاتە لەگەڵ یادێكی تاڵ و كارەساتێكی نەتەوەیی ئەویش 16ی ئۆكتۆبەرە، چۆن ئێوەی خۆڕاگر لە 25ی ئەیلوول نەتانهێشت ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێت، چۆن لە 20ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە چۆن توانییان پلانی داگیركردنی هەرێم لە پردێ تێكبشكێنن، چۆن پێشمەرگە لە سحێلا خەونی داگیركردنی كوردستانیان لە دوژمنان كردە خەونێك بۆ قەبر، بەو ئیرادەیە، بەو جۆش و خڕۆشە، بەو ئومێدەوە، رۆژی 20ی مانگ بچن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و خۆتان نەچەمێنن، بە پەنجەكانتان، پێشمەرگە قارەمانەكان بە خوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست، ئێوە لە ڕۆژی 20ی مانگ، داستانی خواكوڕك، داستانی كۆڕێ، داستانی 25ی ئەیلوول، داستانی پردێ، داستانی سحێلا بێننەوە بیری خۆتان و بە پەنجەتان كوردستان بپارێزن.

خوشك و برایانی خۆشەویستم

ئێمە لە كاتێكدا دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن كە ناوچەكە لە دۆخێكی ئاڵۆز و حەساسدایە، ئێمە لەگەڵ برادەرانی بەغدا خەریكین بە هەموو شێوەیەك كە عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، نەكەوێتە ناو ئەو ئاگرەی كە هەیە و هەموو ئومێدمان ئەوەیە كە لایەنەكان هەموویان پەنا ببەنە بەر دیالۆگ و بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەری ئەو مەشاكیلانەی هەیە، بیكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی مەسئولینی بەغدایە و ئەركی هەرێمیشە كە هەوڵ بدەن، عێراق و هەرێم نەكەونە ناو ئەو ئاگرە.

پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، تەبعەن ئێستا پەیوەندیی پارتی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حزبەكانی عەرەبی چ شیعە و چ سوننە لە عێراق، پەیوەندییەكی باشە و لە ئاستێكی باشدایە و بەینی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغداش تا حەدێكی زۆر تەفاهوم دروست بووە و ڕێگەی چارەسەری گرفتەكان گیراوەتە بەر و لەگەڵ بەڕێز سوودانی، سەرۆك وەزیران، تەفاهومێكی باش هەیە و ئێمە ئومێدەوارین كە دوای ئەم هەڵبژاردنە، هەموو ئەو موشكیلانەی كە هەنە، بنبڕ بكرێن و چارەسەر بكرێن.

ئێمە لەگەڵ چارەسەرین، بەڵام قەت و قەت موساوەمە لەسەر مافی خۆمان ناكەین. چەند بنەمایەك هەن كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە رێككەوتین، بەڵام بەداخەوە كاری پێ ناكەن، شەراكەت و تەوازن و تەوافوق، دەستوور هەیە و ڕێككەوتنی سیاسیش هەیە، ئەگەر كار بەمانە بكرێت، هیچ كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت.

لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەكانیش پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان باشە و بەرەو باشی دەچێت، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین كە لەگەڵ هیچ لایەك و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێك گرفتمان هەبێت، بەڵام ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین، ئێمە بڕیاری خۆمان تەسلیمی هیچ كەسێك ناكەین.

مەترسیی تیرۆر هێشتا هەر هەیە، بۆیە ئێمە هیوادارین بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان بگاتە ڕێككەوتنێكی ڕێكوپێك بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە هەبێت تاوەكوو جارێكی تر داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە.

دوو بابەت هەن من دەمەوێ ئاماژەیان پێ بكەم، لە كەرنەڤاڵی ڕۆژی 12ی مانگ لە دهۆك، ئەلحەمدولیلا لەوێ دڵی دۆستان گەش بوو و دڵی دوژمن و ناحەزان ڕەش بوو. بابەتی تر، پێش یەك دوو ڕۆژ، سەرۆك وەزیران لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 554 شوققەیان دابەشكرد بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، ئەمە ئەركە، ئەركی حكوومەتە، ئەركی حزبە، ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و هەرچی بۆ شەهید بكەن كەمە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بەلای منەوە زۆر زۆر موهیم بوو، بەبێ جیاوازی ئەو شوققانە بەسەر خانەوادەی هەموو شەهیدان دابەش كرا بەبێ ئەوەی پێی بڵێن ئەمە پارتییە یان یەكێتییە یان ئەوی ترە؟ ئەمەیە پارتی، ئەمەیە ڕێبازی بارزانی، شەهید پیرۆزە، شەهید تاجی سەرمانە.

هەڤاڵان

مۆراڵتان بەرز بێت، ئومێدتان زۆر بێت، باوەڕتان نەگۆڕ بێت، سەركەوتن هەر بۆ ڕێگەی راستە، رۆژی 20ی ئۆكتۆبەریش وەڵامی هەموو ناحەزان بدەنەوە.

سوپاسی هەموو دامودەزگاكانی حزبی، حكوومی، لەشكری و ئەمنی و هەموو خۆبەخشەكان، هەموو ئەو خوشك و برایانەی كە زەحمەتیان كێشاوە، ئەم مانگە خۆیان زۆر زۆر ماندوو كردووە، ئامادەكارییەكی زۆر زۆر ڕێكوپێكیان كردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەستخۆشییان لێ دەكەم، سوپاسیان دەكەم، هەروەها سوپاسی كۆمسیۆنیش دەكەم كە بە قسەی برادەران و هەڤاڵانمان، تا ئێستا كاری خۆیان بە ڕێكوپێكی كردووە، ئومێدەوارم هەروا بەردەوام بن و نەهێڵن هیچ لایەنێكی تر دەستێوەردان بكات لە هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

لە كۆتاییدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدان، سڵاو بۆ خانەوادەی شەهیدان، سڵاو بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، سڵاو لە دار و بەرد و خەڵكی كوردستان، سڵاو لە كەركووكی دووجار فرۆشراو، سڵاو لە سلێمانی، سڵاو لە هەڵەبجە، سڵاو لە دهۆك، سڵاو لە هەولێری پایتەخت، سیمبولی هاوبەشی گەلی كوردستان، هەولێر هەولێرە، پشتمان بە خوای گەورە قاییمە و بە هیممەتی ئێوە هەر بەرەو پێشەوە ئەچین، خۆناچەمێنین و سەردەكەوین.

لە كۆتاییدا من پرسیارێك لە لایەنەكانی تر دەكەم، ئێوە و ویژدانتان، ئێوە و خوای خۆتان، ئەگەر ئێوە لە جیاتی پارتی بوونایە، چۆن رەفتارتان دەكرد لەگەڵ پارتی؟

هەر بژین، هەر بژی كورد و كوردستان، هەر بژین ئێوەی بەڕێز، تا ئێوە پشتیوانی پارتی بن، پارتیش لە پێشەوە دەبێت و هەر بەرەوپێشەوە دەچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە

سەڵاح

بەغدا..كەسێك بڕێك پارە لە رێگای موگناتیسەوە لە هاووڵاتییەك دەدزێـت

سەڵاح

‎لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئالوگۆڕی بارزگانی ئاساییە

دڵشاد