zagros news agency

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ یادی ڕاپه‌ڕيندا

ئه‌مڕۆ به‌ شكۆدارييه‌وه‌ یادی سی و چوار ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینی ئاداری ١٩٩١ ده‌که‌ینه‌وه‌. به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و ته‌واوى گه‌لی کوردستان، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ ده‌که‌م.

ڕاپه‌ڕين، وێستگه‌یه‌کی مێژوویی و چاره‌نووسساز و ويستى پۆڵایینی كوردستانييان بوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆرى و سته‌مكاریدا. گه‌لى كوردستان به‌ باوه‌ڕێکی پته‌و به‌ دادپه‌روه‌ریی دۆزه‌که‌ی، يه‌كڕيز و یه‌کگرتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، شكۆ و‌ دادپه‌روه‌ری، ڕاپه‌ڕى و ده‌رگاى به‌ ڕووی داهاتوویه‌کی نوێدا كرده‌وه‌. به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور و درێژ و قوربانیدانی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى كوردستان بوو به‌ره‌و چه‌سپاندنی مافه‌ ڕه‌واکانی له‌ عێراقی نوێدا.

فيدراڵى و ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كان و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌‌ مه‌زنه‌ن. بۆیه‌، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان‌ و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به‌ یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت‌. دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارييه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له‌ وانه‌كانى ڕابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی گه‌له‌كه‌مان بپارێزين.

له‌م بۆنه‌ پيرۆزه‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين له‌ کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ باڵاكانى ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ئاشتییانه‌ و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان‌. بۆ ئه‌وه‌ى خواست و ئاواته‌کانی كوردستانييان بۆ داهاتوویه‌کی باشتر و پێشكه‌وتن به‌دیبهێنین، ده‌بێ بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، به‌هێزکردنی کولتووری يه‌كترقبووڵکردن، چه‌سپاندنی دیموکراسی و کاری هاوبه‌ش به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پته‌و بكه‌ين. هه‌مووان، نه‌وه‌ى دواى ڕاپه‌ڕين، نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووش ده‌بێ به‌ پێزانين و سوودوه‌رگرتن له‌ ڕابردوو، به‌ بڕوا و ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن.

سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.
هه‌ر به‌رز و شكۆدار بێت يادى ڕاپه‌ڕين.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
5ی ئاداری 2025

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاس

یاسین

كونسوڵی به‌ریتانیا پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی چاکسازی وه‌زاره‌تی پێشمەرگە به‌رزده‌نرخێنێت

سەڵاح

عادل باخەوان بۆ لۆمۆند: هەژموونی ئێران، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی عێراقی خێراتر کردووە

سەڵاح