zagros news agency

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

 

بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..

(٦٢) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بە بڕیار و ڕێنمایی(بارزانی نەمر) لە (١٥ی ئایاری ١٩٦٢) یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دامەزرا، دەستپێک و کاری ئەو ڕێکخراوە لە بواری پیشەییدا وەرچەرخانێکی گرنگ و چارەنووسساز بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تێکۆشانی نەپساوەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لەو کاروانەیدا ڕۆڵ و سەنگی خۆی هەبووە لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا، لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوە بە درێژایی تەمەنی شکۆداری خۆی قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی کەسایەتی تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە بووە، بەمەش خزمەتێکی زۆری بواری پیشەیی و خەباتی مەدەنیانە و سیاسییانە و پەروەردەیی لە کوردستاندا کردووە و قوربانی زۆریشی لەو ڕێگایە داوە.

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەردەوام بە پێی کارنامە و پلان و پەیامی ڕاست و دروستی خۆی توانیویەتی دەستکەوتی مەزن بۆ پەروەدەکار و مامۆستایان دەستەبەر بکات، هەروەها هەمیشە سەکۆیەکی پێشەنگ و بوێر بووە بۆ خستنەڕووی خواست و ویستی مامۆستایان بە بێ جیاوازی و گەشەپێدانی هۆشیاریی و هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆیە هەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازی گەلەکەمانن.

بەم بۆنەیە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و کادیر و ئەندامانی هێژای یەکێتییەکەتان دەکەین و خەبات و تێكۆشانی ڕێكخراوەكەتان بەرز دەنرخێنین، ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و رۆڵی گرنگ و هەستیاری ئێوە بەهەند دەگرین و هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە زیاتر برەو بە كار و چالاكییەكانتان بدەن و ئاستی پەروەردە و فێركردن بەرزتر بكەن و بەرەو پێشتری ببەن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و تێگەیشتوو و سوودمەند.

سڵاو و ڕێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان…
بەرزو پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..
دروود و وەفاداریی بۆ گیانی پاک و بێگەردی شەهیدانی ئەو کاروانە شکۆدارەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان..

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ی ئایاری٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار

چەند پەیامێکی هاوخه‌می لە بارەگای بارزانییەوە

سەڵاح

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و UNODC کاری هاوبەش تاووتوێ دەکەن

یاسین

نرخى نەوت دابەزینێکى بەرچاوى تۆمار کرد

سەڵاح