ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : سبەی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەدەین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەدەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر رایگەیاند: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان دەردەکەن.

رۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی و پشتیوانی و متمانەیان بە حکومەت کە ماوەیەکە بەهۆی دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراوەوە مووچەکانیان دواکەوتووە بەهۆی نەناردنی لەلایەن بەغداوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ چارسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێت بەبێ ئەوەی واز لە مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت یاخود لاواز بکرێت، بەشێوازی جۆراوجۆر پیلانەکە جێبەجێکراوە و جێگەی داخە هەندێک بیروبۆچوونی ناحەز توانیویانە بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە ناوخۆ یارمەتی ئەو بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: دروستبوونی هەرێمی کوردستان بەوشێوازەی هەیە کەس خێری پێنەکردووین، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی خەڵکی ئێمەیە و ئێوە هەمووتان بەشداربوون لە دروستکردنی ئەم ئەزموونە، ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە ماف و ئەرکەکانمانی تێدا دیاریکراوە و ئەوەی پێمانکراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان درێغیمان نەکردووە، بەڵام لە دابینکردنی مافەکانمان پێشێلکراوە و دابیننەکراوە و هەوڵی ئەوەشدراوە ئەوەی لە دەستووریش نووسراوە پێشێل بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: لێرەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووین، بەرەی خۆڕاگری و پاراستنی ئەزموونەکانەمان و رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و خەباتەکەمان، بەرەی دووەمیش پێی وایە: تەنیا نانێکی زەلیلمان بدەنێ، هەموو کێشەی هەرێمی کوردستان بکرێت بە مووچە، کە دڵنیام زۆربەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین و ئێمە دەمانەوێت رێز لە خوێنی شەهیدانمان و خەباتی ئەم ئەزموونە بگرین و بیباپرێزین کە ئەمە ئەرک و ئەمانەتە دەبێت بیکەین.

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسی خۆیان بهێنن و واز لەوە بهێنن کە لایەنێک سوودمەند بێت بەسەر لایەنێکی دیکە، ئەمە دەستکەوت نییە، بەڵکو دەستکەوت ئەوەیە کە برایەتی نێوان هەموو پێکهاتەکان بپارێزین ودەستکەوت و ئەزموونەکەمان بپارێزین.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەڵام ئیدارەیەکی باشی داهات و سەروەت و سامانەکەی نەکراوە و دەکرا عێراق ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستاش دەکرێت ئەوە بکرێت ئەگەر بەبیری یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لەیەک کاربکەین و بەردەوام بین.

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: نیازی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ هەموو خوشک و براکانمان لە عێراق بە ئاشتی بژین ومافی هەموو پێکهاتەیەک رێزی لێبگیرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی خاتوو جۆیس بلەو

یاسین

ڕووسیا: سەرکردەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە هاوبەشی هێرشەکەی کرۆکۆس دەزانێت

یاسین

راگەیندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

یاسین