ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

خدر مه‌نتك: پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ریكا حكوومه‌تی عێراق له‌واشنتۆنه‌وه‌ ناچار بكات به‌ رێككه‌وتنی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر

 

په‌رله‌مانتارێكی، پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، باس له‌ گرنگی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێش چوونی بۆ ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ندێك هه‌نگاوی به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان ناوه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ربرینی نییه‌ت پاكییه‌ بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ی واشنتۆن له‌ عێراقی هه‌بووه‌.

ئاژانسی زاگرۆس: گرنگی سه‌ردانی شاندی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌ندامانی كورد بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌م كاته‌دا چییه‌؟

خدر مه‌نتك: عێراق و ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنی ستراتیژیان هه‌یه‌، كه‌ له‌ساڵی 2007 ئه‌نجام دراوه‌ و ساڵی 2014 له‌ چوار چێوه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان دووباره‌ نوێكراوه‌ته‌وه‌، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كان، عێراق هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت و هێزی هاوپه‌یمانان له‌چوار چێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كان له‌عێراق ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام دوای دروست بوونی ده‌نگی نارازی له‌لایه‌ن هه‌ندێك گروپی عێراقه‌وه‌ له‌دژی ئه‌مه‌ریكا جۆری مانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌هێزی شه‌ڕكه‌ره‌وه‌ بۆ هێزی مه‌شقكردن گۆڕدرا، دوای شه‌ری غه‌زه‌ش هه‌ڵكشان و داكشانی زۆر له‌په‌یوه‌ندی عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه،‌ هه‌ر له‌ هێرشی گروپیه‌ میلیشیكان له‌ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌ زیاتر بووه‌ له ‌60 جار بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گای هاوپه‌یمانان تا ئاستی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ بۆ ده‌ركردنی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراقدا، ئه‌م سه‌ردانه‌ی سودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سێ رووداوی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ن، بۆیه‌ به‌سه‌ردانێكی گرنگ دێته‌ هه‌ژماركردن، له‌وانه‌:
یەکەم : ئه‌گه‌ری شه‌ری ئێران و ئیسرائیل، كه‌ تادێت ئاستی گرژیه‌كان زیاتر ده‌بێت، مه‌ترسی پێكدادان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ترس هه‌یه‌ شه‌ره‌كه‌ ته‌نیا دوو ده‌وڵه‌ت نه‌گرێته‌وه‌ سه‌ربكێشێت بۆ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ له‌وانه‌ عێراق كه‌ كۆمه‌لێك گروپ و حزبی جیاواز هه‌ن كه‌ پشتیوانی له‌ سیاسه‌تی ئێران ده‌كه‌ن و مه‌ترسی هه‌یه‌ شه‌ره‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ عێراق، گرنگه‌ له‌و سه‌ردانه‌ی سودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌م پرسه‌ باس بكرێت و ترسه‌كه‌ بره‌وێنرێته‌وه‌، گه‌ره‌نتی بدرێت له‌وه‌ی عێراق نه‌گلێنرێت به‌م شه‌ڕه‌وه‌، دووه‌م: پرسی گرژكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا له‌لایه‌ن هه‌ندێك گروپ و حزبه‌وه‌ به‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر تێك بچێت، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان نییه‌، ویستی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ شیاع سودانی، گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان سفر بكاته‌وه‌، ئینجا بێته‌ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌گه‌ر سفریش نه‌بێته‌وه‌ هیچ نه‌بێت هه‌نگاوی جدی بنرێت بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان، له‌م ماوه‌یه‌ سودانی هه‌نگاوی باشی ناوه‌ له‌ ناردنی دوو مووچه‌ و پرسی گه‌رانه‌وه‌ی (كاردیناڵ لویس ساكۆ) بۆ به‌غدا و چاومان له‌وه‌یه‌ هه‌نگاوی دیكه‌ش بنرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ ویستی ئه‌مه‌ریكاشه،‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌دواین به‌یاننامه‌ی خۆی جه‌خت له‌ هه‌بوونی كوردستانێكی به‌هێز ده‌كاته‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ی عێراقدا .
سێیه‌م: عێراق رووبه‌رووی كۆمه‌لێك گرفتی گه‌وره‌ بوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م چاكسازی به‌رێز سودانی، له‌وانه‌ پرسی هه‌نارده‌ی دۆلاری قاچاغ بۆ ده‌ره‌وه‌ و تێوه‌گلانی بانقه‌كانی عێراق له‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ وچونه‌ ده‌ره‌وه‌ی زانیاری نهێنی و گشتی بۆ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ئه‌مانه‌ دۆسیه‌ی گرنگن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا یه‌كلا بكرێته‌وه‌.

ئاژانسی زاگرۆس: تاچه‌ند پێویسته‌ ئه‌م جاره‌ عێراق گه‌ره‌نتی بداته‌ ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی پێشووتریه‌وه‌؟

خدر مه‌نتك: به‌راشكاوانه‌، ئه‌م جاره‌ شیاع سودانی هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌ له‌وه‌ی جۆرێك له‌ گۆرانكاری له‌ ئیداره‌دانی عێراق بكات، ئێستا ژماره‌ی هێرشه‌كانی گروپیه‌كان بۆسه‌ر بنكه‌و باره‌گای هاوپه‌یمانان كه‌می كردووه،‌ ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ و گفتووگۆی ئه‌و بووه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌كان و هه‌نگاوی ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی گفتووگۆكان له‌گه‌ڵ كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، له‌پرسی رووبه‌رووبنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی راسته‌ زۆر باش نه‌چوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بەلام نیه‌تی چاكسازی له‌به‌رنامه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر كراوه‌ . سودانی نایه‌وێت ئه‌م جاره‌ دوای ته‌واوبوونی سه‌رۆك وه‌زیران بچێته‌ مێژوویه‌كی تاڵه‌وه‌، ده‌یه‌وێت به‌رووسپیه‌وه‌ لێ ده‌رچێت، چونكه‌ ره‌نگه‌ نیه‌تی دووباره‌وه‌ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌بێت، بێ گومان بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ ئۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكاش وه‌ربگرێت، ئه‌م جاره‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ شاندی كوردستانی بینووه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر قسه‌و باس گرنگ كراوه‌، بۆیه‌ سودانی ئه‌گه‌ر بۆ رازیكردنی ئه‌مه‌ریكاش بێت كه‌ پشت له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی نه‌كه‌ن جۆرێك له‌ گه‌ره‌نتی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم داوه‌ ئه‌مه‌ش جێگای ده‌ست خۆشییه‌.

ئاژانسی زاگرۆس: عێراق و هه‌رێم چی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیانه‌ی به‌رده‌میان تیپه‌رێنن، و ئه‌مه‌ریكا له‌چی شتێك نیگه‌رانه‌ ئاوا سودانی ته‌نگه‌تاوكردووه‌ كه‌ سه‌ردانی بۆ واشنتۆتن له‌ چوار چێوه‌ی شاندێكی فراوان بێت؟

خدر مه‌نتك: ته‌حه‌دیه‌كانی به‌رده‌م هه‌ولێرو به‌غدا گه‌وره‌ن، پێش ئه‌وه‌ی شه‌ر له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ستپێ بكات ده‌بێت رێككه‌وتنی گشتگیر و ئیداره‌دانی هاوبه‌ش له‌نێوانیان بێته‌ ئاراوه‌، هه‌رچی زووه‌ به‌غدا پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات ، پێویسته‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌و سه‌رجه‌م گروپه‌ میلیشیكان له‌ سنووری ماده‌ی 140 بكشێنێته‌وه‌ و دووباره‌ یاسایی بودجه‌ ئاماده‌ بكرێته‌وه‌ و بهێنرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و به‌شی هه‌رێمی كوردستان له‌ خه‌رجی فعلی جیابكرێته‌وه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ رێككه‌وتنی شه‌نگال و كه‌ركووك و پرسی چاره‌سه‌ركردنی نیگه‌رانیەکانی پارتی له‌باره‌ی (ته‌زویر) و گۆرنی هاوكێشه‌ی هه‌ڵبژاردن ، چاره‌سه‌ر بكرێت . عێراق رووبه‌رووی دۆخێكی سه‌خت بوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی به‌شێكی زۆری دامه‌زاروه‌كانی دارایی رووبه‌رووی كاری نهێنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ وای كردووه‌ كه‌ تادێت سزای ئابووری له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زاروه‌ ئابووریانه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت، ره‌نگه‌ له‌ داهاتوو بێ متمانه‌ی بانقه‌كانی عێراق و دامه‌زاروه‌ ئابووریه‌كان له‌ ئاستی جیهان هه‌ره‌سی ئابووری به‌دوای خۆی بهێنێت، گومان لەوەدا نیە یه‌كێك له‌ بابه‌تی گفتووگۆی سودانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌م باره‌وه‌یه‌، زۆر پرسی دیكه‌ش هه‌یه‌ ته‌حه‌دییه‌ له‌به‌رده‌م عێراق، وه‌ك لێدان له‌ هێزه‌ نیشتیمان په‌روه‌ركان و دوورخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ئامانج گرتنی هه‌ولێر له‌رێگای موشه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن عێراق رووبه‌رووی مه‌ترسی ببێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتی تێبكات. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌چ شتێك نیگه‌رانه‌، له‌ عێراقدا له‌راستیدا زۆر شت هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریكا پێی نیگه‌رانه‌ له‌وانه‌، گوشارخستنه‌ سه‌ر هه‌ولێر و به‌ئامانج گرتنی شاری هه‌ولێر به‌موشه‌ك و له‌رێگای ئابووریه‌وه‌ بۆ وێرانكردن و نه‌مانی ئه‌و ئارامییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ كه‌ عێراق جۆرێك له‌ گوتاری توندره‌وی تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ داهاتووی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ وێران بكات . ئه‌م گروپ و تاقمانه‌ی دروست بوون، به‌بێ حساب كردن بۆ رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و مافی پێكهاته‌كان له‌خۆیانه‌وه‌ بریاری سیاسی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌تا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق تا ئێستا یەلایی نەکراوەتوەو كه‌ پشكی پێكهاته‌ی سوننه‌یه‌، هه‌روه‌ها كه‌م كردنه‌وه‌ی مافی پێكهاته‌كان و ناچار كردنیان به‌كۆچ كردن، له‌گه‌ل پرسی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دۆلار و به‌قاچاغ بردنیان . جگە لەمەش ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه‌ عێراق ببێته‌ مۆڵگه‌ی گروپی وه‌كاله‌تییه‌كان و له‌هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا بده‌ن له‌ ناوچه‌كه‌.

ئاژانسی زاگرۆس: رۆلی و پێگه‌ی كوردستان له‌م شانده‌ی عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا چۆنه‌؟

خدر مه‌نتك: ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربین دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان له‌ واشنتۆن 15ی مانگ ده‌ستپێ ده‌كات، له‌گه‌ڵ چونی سودانی له‌چوار چێوه‌ی شانده‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تێدایه‌، كاتی خۆی له‌ دووباره‌ نووسینه‌وه‌ی گفتووگۆی ستراتیژی به‌غدا و واشنتۆن له‌ ساڵی 2019 شاندی كوردستان كارایانه‌ به‌شدار بوون له‌ گفتووگۆكاندا . هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگه‌ به‌تایبه‌ت تاكه‌ ناوچه‌یه‌ له‌ عێراق داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان ناكات و له‌وێوه‌ به‌ئامانج ناگیرێنن، جیاله‌وه‌ش له‌شه‌ری داعش هاوكارێكی باش بوون . له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ئاشكراو نهێنی هیچ بانكێكی فه‌رمی هۆكار نه‌بووه‌ بۆ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌مه‌ریكاو له‌هه‌مووی گرنگتر به‌شداری كارای پێكهاته‌كانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و په‌رله‌مانی . دواین سه‌ردانی مه‌سروور بارزانیش بۆ ئه‌مه‌ریكا زۆر شتی روون كرده‌وه‌، له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا حكوومه‌تی مه‌سروور بارزانی به‌ خۆراگر ناوبرد و به‌هاوبه‌شی كاری سه‌ره‌كی و پشتیوانی ئه‌مه‌ریكای بۆ كوردستان دووپات كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا ئیستا شه‌رم ناكات له‌ پشتیوانی و هاوپه‌یمانی كردنی له‌گه‌لی كوردستان و كوردستان به‌ خۆراگرناوده‌بات، وەهەروەها چونی ئه‌و شانده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگا خۆشكه‌ر بوو بۆ چونی شاندی عێراقیش بۆ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه‌ گرنگه‌ كه‌ چیتر گروپی میلشیكان له‌ عێراقه‌وه‌ هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكیان و شاری هه‌ولێر نه‌كه‌نه‌ ئامانج، پێم وایه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌ ئه‌جێندای به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیش . جیاله‌وه‌ش پێویسته‌ كۆتایی بهێنرێت به‌دژایه‌تی كردنی كوردستان له‌رێگای هه‌ندێك گروپ و حزبه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان راده‌ستی ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی بكرێت و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا.

ئاژانسی زاگۆس: ئه‌مه‌ریكا گومانی هه‌یه‌ له‌وه‌ی دامه‌زاروه‌كانی عێراق به‌كاربهێنرێت بۆ دژایه‌تی كردنی ستراتیژیه‌تی ئه‌وان و كوردستان؟

خدر مه‌نتك: بێ گومان بڕیاری هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی عێراق‌ ره‌نگه‌ نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكای به‌دواوه‌ بوبێت، بۆنمونه‌ لادانی كورسی پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان دیاربوو له‌پشت چ ئه‌جێندایه‌كه‌وه‌یه‌، پرسی دواخستنی بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق دیاربوو كه‌ چ شتێك له‌ پشته‌وه‌یه‌تی و ئیستاش ئه‌مه‌ریكا پێی وایه‌ مه‌ترسی هەیە کە ئه‌م دامه‌زاوانه‌ له‌داهاتووئاماده‌ بكرێن بۆ لێدان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ عێراق، هه‌ر ئه‌و كاته‌ی بریار درا له‌په‌رله‌مانی عێراق بابه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌درێت و نه‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، جۆرێك له‌ گوشار و فشار له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش هاتوه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌ و چه‌ند مانگه‌ په‌رله‌مانی عێراق بێ سه‌رۆكه‌، ترسێك هه‌یه‌ لەوەی کە دامه‌زاروه‌ ده‌ستووریه‌كانی عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنرێت، جیاله‌وه‌ش له‌پرسی ده‌زگای هه‌واڵگری و سه‌ربازی عێراقدا هیشتا ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی ئه‌م سوپایه‌ نه‌توانێت دوای كشانه‌وه‌ی وه‌ك پێویست به‌رگری له‌ وڵات بكات، چونكه‌ مه‌شق و راهێنانی زۆریان پێویسته‌ و به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی سوپای عێراق پێوه‌ند كراون به‌هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه‌ چه‌ك له‌گروپه‌ نایاسییه‌كان وه‌ربگیرێت و بدرێته‌وه‌ ده‌ست هێزه‌فه‌رمییه‌كان. به‌شێك له‌ نیگه‌رانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌دایه‌ كه‌ جاران هه‌ندێك دامه‌زاروه‌ی بچوكی عێراق ده‌كه‌وتنه‌ ناو یاری وه‌كاله‌تییه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا پۆسته‌ سیادیه‌كانیش كه‌وته‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی ستراتیژییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت والێك ده‌درێته‌وه‌ فشار له‌و پۆستانه‌‌ ده‌كریت به‌ پێدانی بریاری جیاواز كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان نییه‌، له‌وانه‌ پرسی بێ هه‌ڵویستیان له‌بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان و بابه‌تی پاتریاك لویس ساكۆ كه‌ عێراقیان خسته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی میژوویه‌وه‌، جیاله‌وه‌ش هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو له‌سه‌ر لادانی كورسی پێكهاته‌كان.

ئاژانسی زاگرۆس: چاوه‌رانی رێككه‌وتن ده‌كرێت دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق؟‌

خدر مه‌نتك: چاومان له‌وه‌ی عێراق هه‌نگاوی گرنگ بێت و چه‌ند بریارێك له‌دژی كوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و ‌ و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌گه‌ره‌نتی و چاودێری ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ بكرێت و پیشبینی ده‌كه‌ین له‌ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌فه‌رمی حكوومه‌تی سودانی ناچار بكرێت و مولزه‌م بكرێت به‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێرو لادانی ئاسته‌نگه‌كان یان رێككه‌وتنی نوێ.

رێباز یونس

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی و سەرۆکی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە

سەڵاح

به‌ وێنه‌.. کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنه‌ری وڵاتان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

سەڵاح

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم: سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌ولێر ئاماژه‌ی زیندوویه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی كارایه‌تی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی

یاسین