zagros news agency

شاخەوان عەبدوڵا: لە پێناو یەکڕیزیی کورد ئامادەی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بووین

 

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوایەکی فەرمی بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان پێشکەش کرد، ئەوانیش بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ڕێککەوتن و پاراستنی یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد، هەمان داوایان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک زانییان یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی کردووە، ئەوانیش دوای چەند کاتژمێرێک نووسراوی فەرمییان ناردووە بۆ ئەوەی مەجالێک بۆ ڕێککەوتن هەبێت و پاشان کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت. جەختیشی کردەوە کە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەر کاتێک ڕێژەی یاسایی تەواو بوو، دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی کورد بە یەکڕیزی بمێنێتەوە، ئامادەن کۆبوونەوەکان دوابخرێن.

سەبارەت بە پرسی کاندیدی لایەنە شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و دەنگۆی کاندیدکردنی نوری مالیکی، شاخەوان عەبدوڵا ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەو بەڕێزە کاندیدی لایەنە شیعەکان بێت، ئەوا ئێمە وەک پارتی ڕێز لە دەنگی لایەنە شیعەکان دەگرین.”

ئەم هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ نزیکخستنەوەی لایەنە کوردییەکان و گەیشتن بە سازانێکی سیاسی لە بەغدا بەردەوامن، تاوەکو بە یەکدەنگی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

كونسوڵی نوێی ئه‌مریكا په‌یامێكی ڤیدیۆیی به‌ زمانی كوردی بڵاو كرده‌وه

سەڵاح

دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

یاسین