سەرۆک بارزانی بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی زاگرۆسەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەناڵی زاگرۆس لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵێکی گرنگی نیشتمانی و میدیایی گێڕاوە لە گواستنەوەی خەباتی گەلی کوردستان.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی کەناڵی ئاسمانیی زاگرۆس.
بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی زاگرۆسەوە، گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
کەناڵی زاگرۆس لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵێکی گرنگی نیشتمانی و میدیایی گێڕاوە لە گواستنەوەی خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو مافە ڕەواکانیدا و تیشک خستنە سەر مەینەتییەکانی لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشاندا. هەروەها بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداربووە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاووڵاتییانی عەرەب لە عێراق و وڵاتانی عەرەبیدا، ئەویش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕوانگەی کوردستان بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی وڵات بە ڕوونی و شەفافیەت و گواستنەوەی وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو گەشەسەندنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەی کە کوردستان بەخۆیەوەی دەبینێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی، یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیانی هاوبەش.
هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، تاوەکو هاوشانی پێشکەوتنە خێراکانی کایەی میدیا بن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە خواست و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بۆ ئازادی، ڕزگاری و ژیانێکی سەربەرزانە بکات.
مەسعود بارزانی
11ـی ئازاری 2026

