ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی كتێب

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كتێب و مافی دانه‌ر و په‌ره‌پێدانی خوێندنه‌وه‌ و نووسین، كه‌ له‌ 1995ـه‌وه‌ له‌ لایه‌ یونسكۆوه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نووسه‌ر و خوێنه‌ران كرد.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

رۆژی جیهانی كتێب و مافی دانه‌ر پیرۆز بێت

رۆژی 23ـی نیسان له‌ رۆژمێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا، وه‌ك رۆژی جیهانیی كتێب و مافی دانه‌ر، هه‌روه‌ها به‌ رۆژی فێربوونی خوێندنه‌وه‌ و نووسین له‌ 1995ه‌وه‌ ناسێنراوه‌.

وێڕای پیرۆزبایی له‌ ته‌واوی نووسه‌ران و دانه‌رانی كتێب له‌ كوردستان، پیرۆزباییش له‌و خوێنه‌ره‌ ورد و به‌ سه‌لیقانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی توانای هزری و دنیابینی خۆیان كتێبیان وه‌ك هاوڕێ و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌.

کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات، گەورەترین گەشەی کەسیی و کۆمەڵایەتیمان کاتێک روودەدات کە ئاستی خوێندنەوەمان بەرزبێتەوه‌ و به‌ درێژایی مێژوو كتێب وه‌ك پردی په‌یوه‌ندی نێوان نه‌وه‌كان له‌ لایه‌ك و له‌ نێوان سه‌رده‌مه‌كانی رابردوو و ئێستا و هه‌نگاونان بۆ ئایینده‌ به‌ها و بایه‌خی له‌بن نه‌هاتووی له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

له‌ كوردستاندا، له‌ قۆناغه‌كانی پێشوودا، خوێنده‌واری زۆر گه‌شه‌ی نه‌كردبوو، نه‌وه‌كانی پێشوومان به‌ سودوه‌رگرتن له‌ تۆماری ده‌نگی چه‌ندین كتێبی ئه‌ده‌بی باڵایان تۆمار كردبوو، كه‌ وه‌ك كتێبی ده‌نگی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ سوودیان لێوه‌رده‌گیرا و له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێنده‌واریان نه‌بوو، له‌ رێگه‌ی گوێگرتنه‌وه‌ ئاشنای ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان ده‌بوون.

له‌وانه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان داستانه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیان به‌ ده‌نگبێژی گێڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆڕ و بۆنه‌ی جیاجیادا پێشكه‌شیان كردوون، به‌ نموونه‌ داستانه‌كانی شیرین و فه‌رهاد، رۆسته‌م و زۆراب و له‌یل و مه‌جنوون و خه‌ج و سیامه‌ند و مه‌ولودنامه‌ی كوردی.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ رووداوه‌ مێژووییه‌كان له‌ رێگه‌ی هونه‌ری به‌رزی لاوك و حه‌یران و به‌سته‌وه‌ تۆمار كراون و گه‌یه‌ندراون به‌ نه‌وه‌كان، كه‌ ده‌كرێت بووترێت ئه‌و تۆمارانه‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی كتێبی ده‌نگیی بووه‌ له‌ ناو كورددا.

هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ده‌بینین، بە خۆشحاڵیەوە لە دنیای ئەمڕۆدا جگە لە خوێندنەوەی کتێبی چاپکراو و کاغەزی، خوێندنەوە لە رێگەی فەزای مەجازیەوە وەک کتێبی ئەلیکترۆنی و کتێبی دەنگی بره‌ویان پێدراوه‌، كه‌ زۆر به‌سوودن بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی دەرفەتی خوێندنەوەیان نییه‌ و ده‌توانن سوود له‌ كتێبی ده‌نگی وه‌ربگرن.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ بایه‌خه‌كانی ئه‌مڕۆژه‌ جیهانییه‌ بایه‌خدانه‌ به‌ مافی دانه‌ر و نووسه‌ران و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیارییه‌ له‌ باره‌ی كۆپی رایت و مه‌ترسی خراپ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ مافی دانه‌ر، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ نراوه‌ و په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 17ی كانوونی یه‌كه‌می 2012دا، یاسای ژماره‌ 17ی به‌ ناونیشانی “یاسای مافی دانه‌ر و مافه‌ هاوسێكانی له‌ هه‌رێمی كوردستان” په‌سند كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ و چه‌سپاندنی مافێكی بنه‌ڕه‌تی نووسه‌ر و دانه‌رانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و ده‌سته‌به‌ری به‌دیهێنانی مافه دارایی و مه‌عنه‌وی و یاساییه‌كانیان ده‌كات.

دووباره‌ رۆژی جیهانیی كتێب و خوێندنه‌وه‌ و پاراستنی مافی دانه‌ر له‌ نووسه‌ر و رۆشنبیرانی گه‌له‌كه‌مان و سه‌رجه‌م خوێنه‌رانی كتێب پیرۆز بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەشی دووەمی “Dune” لە سینەماکانی جیهاندا نمایش دەکرێت

ART

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بوونی هێزەكانی پەكەكە لە عێراق نایاساییە

سەڵاح

داهاتی بەشی چوارەمی “Kung Fu Panda” زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە

ART