ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پوتن سه‌ردانی كۆریای باكووری كرد، بەڵێنی دا پشتیوانی لەم وڵاته‌ دژی ئەمەریکا بكات

 

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا پەیوەندییە بازرگانی و ئاسایشییەکانی لەگەڵ کۆریای باکووردا قووڵتر بکاتەوە و پشتیوانی لەو وڵاتە دژی ئەمەریکا بکات، ئەمەش لە کاتێکدا کە بۆ یەکەمین جار لە ماوەی 24 ساڵدا سەردانی کۆریای باکوور دەکات.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا وتی سەردانەکە بریتی دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی نێوان پوتن و کیم، هەروەها بەشداریکردن لە کۆنسێرتی گالا و پێشوازیکردن و واژۆکردنی بەڵگەنامەکان و دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ میدیاکان.

وەزیری بەرگری ڕووسیا ئاندرێ بێلۆسۆڤ و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیرانی سەرچاوە سروشتییەکان و تەندروستی و گواستنەوە و بەرپرسی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا و هێڵە ئاسنینەکان و جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا ئالیکساندەر نۆڤاک بەشێک دەبن لە شاندەکە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاسیا هەوڵدەدەن بزانن ڕووسیا چەند دەڕوات لە پشتیوانیکردن لە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا، کە وڵاتەکەی تەنها وڵاتە لە جیهاندا لە سەدەی 21 دا چەکی ئەتۆمی تاقیکردبێتەوە.

پوتن ستایشی پیۆنگیانگی کرد لەسەر بەرهەڵستیکردنی ” فشارە ئابووریی و ڕەشبگیری و هەڕەشەکانی ” ئەمەریکا.

لە نوسراوێکدا کە لە دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور بڵاوکراوەتەوە، پوتن ستایشی ” هەڤاڵ ” کیم جۆنگ ئون دەکات و بەڵێنیداوە ” بە هاوبەشی بەرهەڵستی سزا تاکلایەنە ناڕەواکان ” بکەن و پەرە بە بازرگانی بدەن و ئاسایشی سەرانسەری یوراسیا پتەوتر بکەن.

پوتن لە نوسراوەکەدا دەڵێت ” واشنتن کە ڕەتی دەکاتەوە ڕێککەوتنەکانی پێشوو جێبەجێ بکات، بەردەوام توندوتیژییەکی نوێ و داوای قبووڵنەکراو دەخاتە پێشەوە.”

وتیشی ” ڕووسیا هەمیشە پشتگیری لە کۆریای باکوور و گەلی پاڵەوانی کۆریا کردووە لە دژایەتیکردنی دوژمنی فێڵباز و مەترسیدار و دوژمنکار.”

پوتن ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێتی سۆڤیەت یەکەم بووە لە داننان بە کۆماری گەلانی دیموکراتی کۆریادا کە لەلایەن باوکی کیم، کیم ئیل سونگەوە، دامەزرێندرا، کەمتر لە دوو ساڵ پێش جەنگی کۆریا لە ساڵی 1950 دا.

دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور کۆمەڵە نوسراوێکیشی بڵاوکردەوە کە تێیاندا ستایشی ڕووسیا دەکەن و پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا دەردەبڕن و جەنگەکە بە ” جەنگێکی پیرۆز بۆ سەرجەم دانیشتوانی ڕووسیا ” ناودەبەن.

سەردانەکەی پوتن بۆ کۆریای باکوور لە نێوەندی بانگەشەکانی ئەمەریکادا دێت کە دەڵێت کۆریای باکوور ” دەیان موشەکی باڵیستیکی و زیاتر لە 11,000 کۆنتێنەر لە تەقەمەنی داوە بە ڕووسیا ” تاوەکو لە جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت. کۆریای باشووری هاوپەیمانی ئەمەریکاش نیگەرانی هاوشێوەی دەربڕیوە.

ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی نیگەرانە بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ” زۆر دڵنیایە ” لەوەی کە پوتن هەوڵی دەستکەوتنی چەک دەدات بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

مۆسکۆ و پیۆنگیانگ ڕەتییان کردووەتەوە گواستنەوەی چەک لە نێوانییاندا هەبووبێت، بەڵام بەڵێنییانداوە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانییان زیاتر بکەن، ڕەنگە ئەوە مەشقی سەربازی هاوبەشیش لە خۆبگرێت.

ڕووسیا کە ئەندامی هەمیشەییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی هەر پڕۆژە بڕیارێک لە ئەنجومەنەکەدا، لە مانگی سێدا مافی ڤیتۆی بەکارهێنا دژی دووبارە نوێکردنەوەی پانێڵی شارەزاکان کە چاودێری جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن دژی کۆریای باکوور، کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانییەوە بەسەریدا سەپێندراون.

ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن، یوری یوشاکۆڤ، وتی لە ماوەی سەردانەکەدا ڕەنگە ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕێککەوتنێکی هاوبەشیی واژۆ بکەن کە پرسە ئاسایشییەکانیشی تێدا دەبێت.

وتی ڕێککەوتنەکە دژی هیچ وڵاتێک نابێت، بەڵام ” بواری زیاتر بۆ هاریکارییەکان دەخاتە ڕوو.”

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

گۆرانیبێژی بەندکراوی کرماشان لە نەخۆشخانەوە گوازاریەوە بەندیخانە

سەڵاح

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی لە بارەی مووچەوە

یاسین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

یاسین