zagros news agency

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئەگەر بە دیپلۆماسی ڕێگە لە چەکی ئەتۆمیی ئێران بگیرێت، پابەندی دەبین

گیدعۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی “پابەندە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی” و ئەگەر ئەم ئامانجە “لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەدی بێت، قبووڵ دەکرێت”. ناوبراو هەروەها ڕەتیکردەوە ئاگاداری پلانێکی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە مانگی گوڵاندا بووبێت کە گوایە ترەمپ دژایەتی کردووە.
سەعار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز لەسەر پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە مانگی گوڵان (ئایار) و دژایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەم پلانە، گوتی: “هیچم لەبارەی بڕیارێکی واوە بیرنایەتەوە.”
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی: “من ئەندامی کابینەی ئەمنی و هەموو بازنە هەستیارەکانم و هیچم لەبارەی بڕیارێکی وا بیرنایەتەوە. پێم وانییە بڕیارێکی وا درابێت.”
پێشتر ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە ١٦ی نیسان، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و سەرچاوەی دیکەوە بڵاویکردبووەوە، سەرۆکی ئەمریکا دژایەتی هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوی ئیسرائیلی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە و پێی باشتر بووە دانوستان لەگەڵ تاران بکات.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە،ئیسرائیل لەمبارەیەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و دۆستە ئەورووپاییەکانیدا لە پەیوەندیدایە و گوتی: “پێم وایە هەموومان ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە.”
گیدعۆن سەعار هەروەها ڕایگەیاندووە: “ئێران ئێستا لە دۆخێکی تا ڕادەیەک لاوازدایە و دەبێت ئەم دۆخە بۆ گەیشتن بە ئامانج بقۆزرێتەوە، نەک ڕێگە بدرێت ئێران بۆ کات بەسەربردن کات بکوژێت تا بارودۆخەکە بگۆڕێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سووریا نێوەندگیری دەکات

سەڵاح

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاس

یاسین