هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوبژیوانی عومان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووسیا و چین هاوبەشی ستراتیژین و پێویستە لە وردەکاریی دانوستانەکان ئاگادار بکرێنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مۆسکۆ میوانداری چەندین دیداری دیپلۆماسیy کردووە. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لەگەڵ هەیسەم بن تاریق ئال سەعید، سوڵتانی عومان (کە وڵاتەکەی نێوبژیوانی دانوستانەکان دەکات) و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کۆبووەوە و تاوتوێی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان کرد. هاوکات، کۆشکی کرملین ئاشکرای کرد کە نوێنەرێکی باڵای ئەمریکی تایبەت بە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جاری دووەم سەردانی مۆسکۆی کردووە، ئەمەش گرنگیی پایتەختی ڕووسیا لەم قۆناغەدا دەردەخات.
ئێران گرنگییەکی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی دەدات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە “چین و ڕووسیا دوو هاوبەشی ستراتیژیی ئێمەن… ئاساییە کە بەردەوام ڕاوێژ و پرسیان پێ بکەین سەبارەت بە بابەتی جیاواز، بەتایبەتی کە ئێستا باسی دانوستانی ئێمە و ئەمریکا لە گۆڕێیە.” ناوبراو ئاماژەی بە سەردانەکانی ئەم دواییەی بۆ مۆسکۆ و پەکین کرد بەمەبەستی گەیاندنی پەیام و ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە چڕانە لە کاتێکدایە کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لە دوو دەیەیە وەک قەیرانێکی نێودەوڵەتی ماوەتەوە. سەرەڕای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ (ناسراو بە JCPOA)، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ و نیگەرانییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) سەبارەت بە ئاستی پابەندبوون و چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، وایکردووە کە وڵاتان هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی چڕ بکەنەوە. لەم نێوەندەدا، مۆسکۆ وەک یاریزان و میواندارێکی گرنگ لە گۆڕەپانی گفتوگۆکاندا دەرکەوتووە.

