لە کاتێکدا ئێران بەردەوام هەبوونی هێزی بەوەکالەت لە ناوچەکە ڕەت دەکاتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر یەمەن و ئێران دەکات وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی مووشەکی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەیەکی ئەم وڵاتە و بە گوتەی ئیسرائیل، حووسییەکان بە وەکالەت بۆ ئێران کار دەکەن. لە بەرانبەردا، بەرپرسانی باڵای ئێران لە وەڵامدانەوەیەکی “بەهێز” ئەگەر هێرش بکرێتە سەر خاکی وڵاتەکەیان، هۆشداری دەدەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جارێکی دیکە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە گوایە حووسییەکانی یەمەن هێزی بەوەکالەتی ئێرانن. بەقایی لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە: “چەندین جار ڕاگەیاندراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نە هێزی بەوەکالەتی هەیە و نە پێویستیی بە هێزی بەوەکالەت لە ناوچەکەدا هەیە.”
ناوبراو ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد تاکە لایەنە لە ناوچەکەدا بە وەکالەت کار بۆ زلهێزێکی دیکە دەکات و گوتی: “تەنیا لایەنێک لە ناوچەکەدا بەوەکالەت کار بۆ زلهێزێکی دیکە دەکات، ڕژێمی زایۆنییە و بەداخەوە ناوچەکەی ئێمەی تووشی ناسەقامگیری و ئاژاوە کردووە.”
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، چالاکییەکانی حووسییەکان بڕیارێکی سەربەخۆی خەڵکی یەمەنە و پەیوەندیی بە ئێرانەوە نییە و گوتیشی: “خەڵکی یەمەن لەسەر بنەمای هەستی مرۆڤانە و خزمایەتیی ئایینی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و بەرگری لە خۆیان… بڕیاری سەربەخۆیان داوە .
هاوکات، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: “ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێمە و شەڕێکمان بەسەردا بسەپێندرێت، ئێمە بە بەهێزی وەڵام دەدەینەوە.” نەسیرزادە هەڕەشەی ئەوەشی کرد “بەرژەوەندییەکانیان و بنکەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج و لەم بوارەشدا لە هیچ شتێک خۆ نابوێرین و هیچ سنوورێک بۆ هێرشەکانمان دانانێین.”
وەزیری بەرگریی ئێران جەختی کردەوە، ئەوان دژایەتی وڵاتانی دراوسێ ناکەن بەڵام بنکەکانی ئەمریکا لەم وڵاتانە دەکەنە ئامانج گوتی: “ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نییە، ئەوان برای ئێمەن، بەڵام لێدان لە بنکەکانی ئەمریکا لەم وڵاتانە ئامانجی ئێمەیە.”
ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئێران دوای تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیی نوێی ١٢٠٠ کیلۆمیتر مەودابڕی ئەم وڵاتە بە ناوی “قاسم بەسیر” دێت
هەواڵی داهاتوو

