گرووپی نێتبڵۆکس بۆ چاودێریی ئینتەرنێت ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەستڕاگەیشتن بە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ئاستی نزیک لە پچڕانی تەواوەتی.
بەپێی زانیارییەکانی نێتبڵۆکس، ئەمە بەرفراوانترین سنووردارکردنی ئینتەرنێتە لەوەتەی گرژییەکان دەستیان پێکردووە و دوای چەندین کێشەی بچووکتری تەکنیکی دێت.
لەم بارەیەوە، وەزارەتی گەیاندنی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی بەم کارەدا ناوە و گوتی، بە “بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان” و بە هۆکاری ئەمنیی، “بۆ ماوەیەکی کاتی” سنووردارکردن بۆ تۆڕی ئینتەرنێت دانراوە. هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە “بەکارهێنانی خراپی تۆڕی گەیاندن لەلایەن دووژمنەوە بۆ ئامانجی سەربازی.”
هەرچەندە وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە، خزمەتگوزاری و پلاتفۆرمە ناوخۆییەکان کاران، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە حکوومەتی ئێران پەنا بۆ بڕینی ئینتەرنێت دەبات. پێشتریش لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی (نۆڤەمبەری ٢٠١٩)دا، کە بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە دەستیان پێکرد، هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بە تەواوی پچڕێندرا. ئەم هەنگاوە بە گشتی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی زانیاری و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە کاتە هەستیارەکاندا بەکار دەهێنرێت.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

