بەیانیی ئەمڕۆ مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی هێزە دەریاییەکانی ئێران و فیدراسیۆنی ڕووسیا لە دەریای عومان و ناوچەی باکووری زەریای هیند دەستی پێ کرد. بە گوتەی گوتەبێژی مانۆڕەکە، ئەم چالاکییە پەرە بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە لە دابینکردنی ئاسایشی دەریایی دەدات.
حەسەن مەقسوودلوو، گوتەبێژی مانۆڕە سەربازییەکە ڕایگەیاند: “ئەم مانۆڕە بە میوانداریی ناوچەی یەکەمی هێزی دەریاییی سوپای ئێران لە بەندەرعەباس بەڕێوە دەچێت. ئامانج لەم کارە بریتییە لە پەرەپێدانی ئاسایش، سەقامگیریی گەشتوگوزاری دەریایی و بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان هێزی دەریاییی هەردوو وڵات.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانۆڕێکی سەربازیی دیکەی لە گەرووی هۆرمۆز ئەنجام دا. شەهرام ئیرانی، فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای ئێران، بڕیاری داخستنی گەرووی هۆرمۆزی بۆ چەند کاتژمێرێک دەرکرد و ڕایگەیاند: “ئەو چەکەی بۆ ڕۆژی شەڕ بەکاری دەهێنین، جیاوازە لەوەی لە مانۆڕەکاندا بەکاری دەهێنین.”
هەروەها ئەم جموجووڵانە هاوکاتن لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: “هەر ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، پێویستە مافە یاساییەکانی ئێران تێیدا پارێزراو بێت.” ناوبراو هۆشداریشی دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی، لێکەوتەی خراپی دەبێت و بەرۆکی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.

