فەرماندەییی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان (ساوتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا سێ بەلەمی گومانلێکراویان بە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن و دەریای کاریبی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ١١ کەس کوژراون. بە گوتەی سوپای ئەمەریکا، ئەو بەلەمانە “لە ڕێڕەوە ناسراوەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەردا هاتوچۆیان کردووە”.
ساوتکۆم ڕۆژی سێشەممە ١٧ی شوبات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دوو هێرش لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن و هێرشێکیش لە دەریای کاریبی ئەنجام دراوە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا چوار کەس لە یەکەم بەلەمی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن، چوار کەس لە دووەم بەلەمی هەمان ناوچە و سێ کەسیش لە بەلەمی سێیەمدا لە دەریای کاریبی کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ئەمەریکییەکان، ژمارەی گشتیی کوژراوان لە ئۆپەراسیۆنە هاوشێوەکاندا لە مانگەکانی ڕابردووەوە تا ئێستا گەیشتووەتە لانیکەم ١٤٠ کەس. لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ـەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمە خێراکان کە گومانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەریان لێ دەکرێت و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ١٣٠ کوژراوی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی ستراتیژیی بەرگریی نیشتمانیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدرێت، کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تۆڕەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی.
شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومانیان لە یاساییبوونی ئەم هێرشە کوشندانە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم اقداماتە بەپێی “دەسەڵاتەکانی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەیوەست بە قاچاخی ماددەکان” ئەنجام دەدرێن.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

