فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ کۆتاییهێنانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی پارتی و وەڵامدانەوەی داواکاریی لایەنه سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنەکە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی پارتی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەی ئەندامانی کتڵەکەیان بۆ کۆبوونەوەکان و کۆتاییهێنان بەو بایکۆتەی لە سەردەمی ڕابردوودا هەبوو.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ داوای تەواوی لایەنه سیاسییەکان کە داوای بەشداریکردنی پارتییان دەکرد لە کۆبوونەوەکاندا، بە ئامانجی بەهێزکردنی کاری دامەزراوەیی و پشتبەستن بە کاراکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنەکە.
حەسەن مەجید جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی گەڕانەوەیان، بەشداریکردنە لە بڕیاردان و تاوتوێکردنی دۆسیە خزمەتگوزاری و ئیدارییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاوولاتییانی پارێزگای کەرکووکەوە هەیە.

