
ڕۆژی سێشەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.١ پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر، ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای یابانی هەژاند. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لەلایەن “سانای تاکایچی”، سەرۆک وەزیرانی یابانەوە ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا لانی کەم ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی بە ژێرخانی ناوچەی کومامۆتۆ گەیاندووە. گەورەترین زیان لە سەنتەری بازرگانی “ئایۆن مۆڵ” (Aeon Mall) کەوتووە، کە بەشێکی تەلارەکە داڕماوە و باس لە ڕوودانی تەقینەوەیەکیش دەکرێت لەناو مۆڵەکەدا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، پەیوەندی بە ٢٠ بۆ ٣٠ کارمەندی مۆڵەکەوە بڕاوە و تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا.

هەروەها بەرپرسانی پارێزگای کومامۆتۆ ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە ماڵەکانیان چۆڵکراون و زیاتر لە ٣٦ هەزار خێزانیش بەهۆی زیانەکانەوە کارەبایان بڕاوە.
بەهۆی تێکچوونی هێڵەکانی ئاسن، کۆمپانیای شەمەندەفەری یابان جوڵەی شەمەندەفەرە خێراکان (شینکانسێن)ی لە دوورگەی کیوشو ڕاگرت. لە ئەنجامی لەرزینەکان، ژمارەیەک سەرنشین لەناو شەمەندەفەرەکاندا بریندار بوون و بەشێکی زۆری گەشتیارانیش ناچار بوون شەو لەناو شەمەندەفەرە وەستاوەکاندا بەسەر بەرن. لە لایەکی دیکەوە، فڕۆکەخانەی کومامۆتۆ داخرە و دەیان گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی وەک هانیدا لە تۆکیۆ هەڵوەشێنرانەوە.

سەرۆک وەزیرانی یابان ڕایگەیاند کە ٣٦٠٠ سەربازی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراون بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی فریاگوزاری. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانێکی زۆر بەر ڕێگاوبان، پردەکان و شوێنە مێژووییەکان کەوتووە، لەوانە دیوارە بەردینە مێژووییەکانی “قەڵای کومامۆتۆ” کە تەمەنی نزیکەی ٤٠٠ ساڵە.

سەبارەت بە سەلامەتی وێستگە ئەتۆمییەکان، دەسەڵاتی چاودێری ئەتۆمی یابان دڵنیایی دا کە هیچ بارودۆخێکی نائاسایی لە وێستگەکاندا تۆمار نەکراوە. وێستگەی “سێندای” کە نزیکترین وێستگەیە لە چەقی بوومەلەرزەکە، بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە لە کارەکانی.
شارەزایانی بوومەلەرزەزانی لە زانکۆی تۆکیۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بوومەلەرزەیە لە ئەنجامی درزێکی جیۆلۆجی لە ناوچەی “هیناگۆ” ڕوویداوە، کە لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی ٢٠١٦دا نەشکابوو. تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ پاشلەرزە تۆمار کراون و هۆشداری دەدرێت کە لە هەفتەی داهاتوودا ئەگەری ڕوودانی لەرزەی بەهێزی دیکە هەیە.
یابان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا ڕوودەدات بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی لەسەر “بازنەی ئاگر” لە دەریای هێمن، ساڵانە نزیکەی ٢٠٠٠ لەرزە لەو وڵاتەدا لەلایەن دانیشتووانەوە هەستی پێ دەکرێت.

BBC

