ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ـی تەممووزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، چوارەمین دانیشتنی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر لەژێر ناوی (شیانەکان بۆ بەڕێوەبردنی گشتگیری دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا کە نوێنەرانی وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی ڕێکخستنەوەی هێزی کار کرا.
ئەم دانیشتنە لەلایەن ئەنجومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) و ئاژانسی (GIZ)ی ئەڵمانی، بە هاوکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کونسڵخانەی ئەڵمانیا و بە پاڵپشتی تەکنیکیی ڕێکخراوی کاری جیهانی (ILO) ڕێکخرابوو. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە، پشتگیریکردن بوو لە بەشداریی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پەنابەران، ئاوارەکان و کۆمەڵگەی خانەخوێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان بۆ داڕشتنی سیستەمێکی یاسایی و کارامە بۆ بەڕێوەبردنی دەستی کاری بیانی؛ بەجۆرێک کە هاوسەنگیی بازاڕی کار و مافی کرێکاران و بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردن، کە تێیدا مافی هەموو لایەک بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان پارێزراو بێت.

