ئاژانسی هەواڵی “فارس”ی ئێرانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-7-2026 ڕایگەیاند، ژمارەیەک لەو بریندارە عێراقییانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بریندار ببوون، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە ڕەوانەی ئێران کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بریندارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور لە ڕێگەی دەروازەی خوسرەوییەوە ڕادەست کراون و چوونەتە ناو خاکی ئێرانەوە، پاشان لەلایەن تیمەکانی مانگی سووری پارێزگای کرماشانەوە گوازراونەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانە ئامادەکراوەکانی ڕۆژئاوای ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو، پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە باری تەندروستی گشتیی تەواوی بریندارەکان جێگیرە و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنیان لە ناو نەخۆشخانەکە بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردبووە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعودیەی کرد بۆ سەر حەشدی شەعبی کە بووە هۆی کوژرانی 20 چەکدار و برینداربوونی 32ی دیکە،، هاوکات جەختی لە سەرپشتیوانی و هاوپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و گەلی عێراق کردەوە و سەرەخۆشی خۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانیانی ئەو هێرشانە کرد.

