تۆڕی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا بەهۆی مەترسییەکانی سیخوڕی و ئاشکرابوونی شوێنە سەربازییەکان، کار لەسەر کۆکردنەوە و قەدەغەکردنی مۆبایل لەنێو ئەو سەربازانەیدا دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، ئادمیرال براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هۆشداریی داوەتە سەربازەکانی کە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خزمەتێکی گەورە بە ئێران دەکات بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و هەڵسەنگاندنی وردی هێرشە موشەکییەکانی.
ئادمیرال کووپەر لە نامەیەکدا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ڕێگەی گەڕان لەناو هەواڵەکان و پۆستی سەربازەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زانیاریی دەستبەجێی (Real-time) دەستدەکەوێت دەربارەی ئەوەی ئایا هێرشەکانی پێکاون یان نا. کووپەر دەڵێت: “ئێران دەزانێت چەکەکانی تەقاندووە، بەڵام نازانێت ئایا ئامانجەکەی پێکاوە یان ٥٠ مەتر لایداوە، تەنها لە ڕێگەی ڤیدیۆی مۆبایلی سەربازەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکانەوە دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان بکەن، ئەوەش جۆرێکە لە هەواڵگریی بێبەرامبەر بۆ تاران.”
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەندێک لەو سەربازە ئەمریکییانەی لە ئوردن جێگیرکراون گوتراوە کە دەبێت مۆبایلەکانیان ڕادەست بکەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەربازێک لە ڕێگەی “چاویلکەی زیرەکی مێتا”وە ڤیدیۆی ساتی هێرشێکی ئێرانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی (موەفەق سەڵتی) لە ئوردن بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا شوێنی حەشارگە و پەناگەی سەربازەکانی ئاشکرا کردبوو.
لە دوای ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ گروپەکانی سەر بە ئێران، ١٨ سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە ٦٠٠ سەربازی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی پنتاگۆن نیگەرانن لەوەی دزەکردنی زانیاریی شوێنەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی ناو مۆبایل و ڤیدیۆکانەوە، ببێتە هۆی “گڵۆپی سەوز” بۆ ئێران تا شەپۆلی دووەم و کوشندەتر لە هێرشەکانی ئەنجام بدات.
ئەم هەنگاوەی سوپای ئەمریکا نیگەرانی لای خێزانی سەربازەکان دروستکردووە، چونکە مۆبایل تەنها هۆکاری پەیوەندییان بووە بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی ڕۆڵەکانیان لە ناوچە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

