zagros news agency

داوا لە بانکە ئەهلییەکان دەکرێت ڕێکارەکان جێ بەجێ بکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکان

سەرچاوەکان لە عێراق ئاشکرایان کرد، ڕێنمایی نوێ و بەپەلە ئاڕاستەی بانکە ئەهلییەکان کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو مەرجانەی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتن خرانە ڕوو، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵگرتنی سزاکان و بەربەستەکانی سەر ژمارەیەک لە بانکەکان.
سەرچاوەکان بە میدیاکانی عێراقیان راگەیاند، ئەو مەرجانەی جەختیان لەسەر کراوەتەوە بریتیین لە: بەهێزکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، ڕاگرتنی هاوسەنگی و ڕێکخستنی جڵەوی جووڵەی دۆلار، ڕێگریکردن لە قاچاغچییەتی و حەواڵەی نایاسایی، جگه لە جێبەجێکردنی پاکێجێکی نوێی ڕێنمایییە بانکییەکان لە وادەیەکی دیاریکراودا.
بەپێی سەرچاوەکان، بانکە ئەهلییەکان دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیارە بەپەلەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، هاوکات هۆشداری دراوە لەوەی ئەگەر مەرجەکان لە کاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێن، بانکەکە بێبەش دەکرێت لە ئاسانکاری و مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش وایکردووە ئیدارەی بانکەکان پەلە بکەن لە تەواوکردنی دۆسیەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، فەرمانبەرانی چەند بانکێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆریی کارەکان و فشارەکان وایکردووە ڕۆژانە تا 12 کاتژمێر کار بکەن، بەو هۆیەشەوە حاڵەتی بێهۆشبوون و مانووبوونی توند لەنێو بەشێک لە فەرمانبەراندا تۆمار کراوە.
ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدا دەکرێن کە کەرتی بانکی عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهان بەهێز بکاتەوە، بەتایبەت لە سایەی توندکردنەوەی چاودێرییەکانی ئەمریکا لەسەر جووڵەی دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندبوو، پارێزگاری بانکی ناوەندی (نزار ناسر حوسێن) کۆبوونەوەی ئاست بەرزی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بانکە عێراقییانەی سزادراون بۆ کەناڵەکانی پەیامبەرایەتیی بانکی دەرەکی بە دراوەکانی دیکە (جگە لە دۆلاری ئەمریکی).
پارێزگاری بانکی ناوەندی پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا ٧ بانک شایستەن بۆ کارکردن لەو کەناڵە دەرەکییانەدا و لە قۆناغەکانی دوواییدا دوای جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان دەتوانن بگەڕێنەوە ناو مامەڵەکردن بە دۆلاریش.
جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای ساڵی 2024دا، بانکی ناوەندیی عێراق بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی 8 بانکی عێراقی لە بەشداریکردن لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراو و مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کرد کە بریتی بوون لە (بانکی وەبەرهێنانی عێراقی، بانکی نێودەوڵەتی ئیسلامی کوردستان، بانکی ئیتحاد، بانکی هودا، بانکی ئاشوور، بانکی باشووری ئیسلامی، بانکی عەرەبی ئیسلامی، و بانکی حمورابی).

هەواڵی پەیوەندیدار

جام و خول.. خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە

یاسین

لە ‎ سالی 2026 پرۆژەی روناكی هەموو كوردستان دەگرێتەوە

گوران

سبەی دواوادەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکە بێ بەرانبەر

یاسین