سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە کە بسەلمێنێت هێرش لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی دەرەوە کرابێت، جەختیشی کردەوە، تەنها هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بەرپرسن لە پاراستنی سەروەری و کۆنتڕۆڵکردنی چەک.
سەباح نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند “دامەزراوەی ئەمنی سەرقاڵی دارشتنی پلانێکی ئەمنیی تۆکمەیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان، ڕێگە نادرێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا هەبێت.”
سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، عەلی فالح زەیدی بۆ بڕیارەکەی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، حەشد بەشێکی ڕەسەنە لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی و سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە بە تەرخانکردنی ڕێزلێنان بۆ بنەماڵەی کوژراوان و چارەسەرکردنی برینداران لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵات.
نوعمان داوای کرد ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن هێرش لە ناو خاکی عێراقەوە کراوە، بەڵگە پێشکەش بکەن و گوتی “تا ئێستا هیچ لایەنێک هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو، حكومەت ڕێگە بە هیچ ڕەفتارێکی تاکەکەسی لە ناوخۆ نادات و بە هەمان شێوە هیچ دەستدرێژییەک لە دەرەوەی سنوورەکانیش قبوڵ ناکات.”

